کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی دانمارک خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەڕێوە چوو

11:59 - 16 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خوزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی، لە یەکێک لە ناوەندەکانی شاری "کۆپێنھاگ" لە وڵاتی دانمارک، خۆپیشاندانێکی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوە چوو.

سەرەتا لەلایەن "ئەحمەد ڕەحمانی" بەڕێوەبەری خۆپێشاندانەکە بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەخێرھاتنی بەشداربووان کرا.

پاشان دوکتور "سەعید سوڵتانپوور" ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران لە وڵاتی دانمارک، پەیامی ناوەندی ھاوکاریی بە زمانی دانمارکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.

دواتر لەلایەن "یەڵماز یەڵدز" ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی "کۆپێنھاگ" چەند وتەیەک بە زمانەکانی "کوردی و دانمارکی" پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم خۆپێشاندانەدا "سەرتیپ عەدنان" چالاکوانی کوردی ڕۆژاوای کوردستان چەند وتەیەکی بە زمانەکانی "کوردی و عەرەبی"، پێشکەش کرد.

چەند وتەیەک لەلایەن "کەژوان یووسفی" لەسەر بوێری و خۆڕاگریی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان پێشکەش کرا.

لە دوابڕگەی ئەم خۆپێشاندانەدا چەند سروود و گۆرانی شۆڕشگێری لە ڕاستای بەرخودان و بوێریی خەڵکی وەزاڵەھاتووی ئێران و کوردستان پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

ئەم خۆپێشاندانە لە درێژەی چالاکییەکانی کۆمیتەی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بەمەبەستی پشتگیری لە ڕاپەڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی و هەروەها بەمەبەستی گەیاندنی دەنگی ئەوان بە کۆمەڵگای دانمارک بوو.