کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ جاری سێهەم لە بێلژیک خۆپیشاندانێکی بەرین بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی کوردستان و ئێران پێک هات

12:00 - 16 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی یەکشەمە ڕێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢، سێهەم خۆپیشاندانی گەورەی کورد و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی "بێلژیک" کە زیاتر لە ٢ هەزار کەس بوون لە کەشێکی سارد و بارانیدا بەڕێوە چوو.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای پارت و لایەنە کورد و ئێرانییەکانی دانیشتوی وڵاتی "بێلژیک" دەور و کاریگەرییەکی بەرچاویان لە باشتر بەڕێوەچوونی ئەو خۆپیشاندانە هەبوو.

ئەو خۆپێشاندانە بە بڕین و پێوانی زیاتر لە پێنج کیلومیتر مەودا، لە وێستگەی قەتاری باکووری بروکسێل پێتەختی وڵاتی "بێلژیک" هەتا  وێستگەی قەتاری باشووری ئەو شارە درێژەی هەبوو.

ئەو خۆپیشاندانە بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی گەلی کورد و گەڵانی ئێران کە لەژێر ناوی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێستادا لە ئێران لەئارادایە بەڕێوە چوو.

خاڵێکی جێگای سەرنج لەو خۆپیشاندانەدا ئەوە بوو کە بەشێک لە ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و چالاکانی بواری مافەکانی ژنانی "بێلژیک"یش بەشدار بوون.