کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب: ڕۆڵی ژنان، خوێندکاران، قوتابییان و بژاردەکانی کۆمەڵگە لەو ڕاپەرینەدا بەرز و بەنرخە

10:28 - 17 خەزەڵوەر 2722

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە ڕاگەیەندراوێکدا باس لەوە دەکات کە درێژەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژ بە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی تا گەیشتن بە دامەزرانی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک، لە گرەوی یەکڕیزیی کۆمەڵانی خەڵک و یەکیەتیی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن‌دایە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بە دەسکەوتگرتنی پێشەنگایەتیی کوردستان لە ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەم بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی تاوتوێ کرد.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی بەرانبەر بە ٧ی نوامبری ٢٠٢٢ی زایینی، ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ڕاپەڕینی نزیک بە دوو مانگی خەڵکی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکە‌دا بەڕێز بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب، کاک مستەفا هیجری، ڕاپۆرتێکی سیاسیی پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە ڕاپۆرتەکەیدا وێڕای هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی سەرانسەریی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی، باسی لە ڕەهەندە نێوخۆیی و نێونەتەوەیییەکانی پێوەندیدار بە گڕوتین بەخشین بەم ڕاپەڕینە کرد. سەرهەڵدانی ئەم ڕاپەڕینە کە بە کوشتنی ژینای کچە کورد و پێشەنگایەتیی کورد لە دەستپێکردنی ئەم ڕاپەڕینە کە لە درێژەی خۆیدا قەوارەیەکی جەماوەریی بەخۆوە گرت، بەشێکی دیکە لە ڕاپۆرتی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بوو. لەم پێوەندییەدا بەڕێزیان پڕژایە سەر ئەو دەرفەتانەی کە لەسۆنگەی ئەم پێشەنگایەتییەی کوردستانەوە بۆ کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی لە ئێراندا ڕەخساوە.

ڕۆڵ و بەشداریی خەڵکی کوردستان لە ڕاپەرینەکە و، خوێندنەوە و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ درێژەپێدان بە ڕاپەرین، وێناکردنی دوورە دیمەن و چۆنیەتیی ڕێبەریکردنی ڕاپەڕین و بەربڵاوکردنەوەی و هەوڵدان بۆ درووستکردنی کۆدەنگیی نێوان هێز و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و هەروەها پاراستن و پتەوکردنی یەکیەتی و یەکڕیزیی نێوان گەلانی ئێران و هێزە سیاسییەکانی کورد و ئێرانی، تەوەرەکانی دیکەی ڕاپۆرتی بەڕێز مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بوون.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە درێژەی هەڵسەنگاندنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی "ڕاپەڕینی ژینا" دژ بە دیکتاتۆری لە ئێران، وێڕای پەسەندکردنی ڕاپۆرتی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب، بزووتنەوەی جەماوەریی سەرانسەری گەلانی ئێرانی لەپێناو لابردنی دیکتاتۆری و دەستەبەرکردنی وڵاتێکی ئازاد و دێموکرات، بە دەسکەوتێکی مێژوویی لە قەڵەم دا. هەر لەم پێوەندییەدا و لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی رێژیم و قسەکردن لە سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیم دەرحەق بە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران و چۆنیەتیی درێژەدان بەم ڕاپەڕینە، هاوکات لەگەڵ بە جینایەت لەقەڵەمدان و مەحکوومکردنی کوشتاری خەڵکی ڕاپەڕیو لە کوردستان و بەلوچستان و سەرجەم شوێنەکانی دیکەی ئێران، بەربڵاوکردنەوە و پەرەدانی زیاتری ناڕەزایەتییەکان لە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆردا بە کارێکی پێویست زانی.

کارکردن لەسەر پلاتفۆرم و نەخشەڕێگایەکی گشتگیر و یەکگرتووانەی نێوان هێز و لایەنە کوردییەکان لەگەڵ تەیف و بەرەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، لە ڕوانگەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبەوە دەتوانێ هاوکات لە گەڵ هیوابەخشین بە خەڵکی ڕاپەڕیو، سەرنجی زیاتری کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان بۆ لای ڕاپەڕینی خەڵک ڕابکێشێ و ماهییەت و نێوەرۆکی ئێرانی داهاتوو بۆ هەمووان ڕوون بکاتەوە.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بەشداریی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان لە ڕاپەڕینەکە هاوکات لەگەڵ بەرزنرخاندنی بەشداریی ژنانی ئازای وڵات، خوێندکارانی پێگەیشتووی زانکۆکان، قوتابییانی چاوکراوە لە قوتابخانەکان و لاوانی مەیدانداری ئەم ڕاپەڕینە بەشکۆیە، ڕۆڵی کەسایەتی و بژاردەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەت مامۆستایانی ئایینیی کە بوێرانە پشتیوانییان لە ڕاپەرینەکە کرد و بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیم هەڵوێستیان گرت، بەرز و کاریگەر لە قەڵەم ‌دا.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە دوایین بەشی کۆبوونەوەکەیدا هەر لە پێوەندی لەگەڵ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆمەڵێک ئەرک و ڕاسپاردەی بۆ ئۆرگان و ناوەندەکانی حیزب دەستنیشان کرد.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئیداری

١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١

٨ی نوامبری ٢٠٢٢