کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات خۆپێشاندانێک لە "ڤانکۆڤێر"ی کانادا بەڕێوە چوو

11:42 - 17 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ١٤ی خەزەڵوەر، بەرانبەر بە ٥ی مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی لە درێژەی خۆپێشاندانەکانی دەرەوەی وڵات، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژاوای کانادا بە هاواهەنگیی چەندین لایەنی ئێرانی و بەبەشداری هەزاران کەس لە کوردستانییان و گەلانی دیکەی ئێران و دانیشتووی "ڤانکۆڤێر"ی کانادا لە ناوەندی شار خۆپیشاندانێکی جەماوەریی چەند هەزار کەسییان بەڕێوە برد.

دەستپێکی بەرنامە وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان لەلایەن "شادی ئەمین ئاقایی" بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و سروودی "ئەی ئێران" دەستی پێ کرد.

لەنێوئاخنی بەرنامەدا چەندین دروشم بە تێکڕای دەنگی بەشداربووانەوە وترایەوە و هەروەها لەسەر بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان لێدوان لە خۆپیشاندەران وەرگیرا.

لەو خۆپیشاندانەدا سەرۆکی دووهەمین حیزبی گەورەی کانادا واتا حیزبی "کانسیرڤەتیڤ" کە خاوەن ١١٦ کورسی پارلمانە و "پیری بولیڤر" و هەروەها "هارجیت ساجان" وەزیری گەشە و داهێنانی نێونەتەوەیی دەوڵەتی کانادا و زیاتر لە دە ئەندام پارلمانی دەوڵەتی کانادا بەشدار بوون و وتاری خۆیان پێشکەش کرد و بە تەواوی پشتیوانیی خۆیان لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەربڕی کە جێگای خۆشحاڵیی خۆپێشاندەران بوو.

بە نوێنەرایەتیی کوردەکانی دانیشتووی "ڤانکۆڤێر"ی کانادا دکتور "ڕەحیم سورخی" باسێکی لەسەر درێژەپێدانی خۆپێشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران و داماوی ڕێژیم لە ئاست ئازایەتیی خەڵکی ڕاپەڕیو پێشکەش کرا.

لەو خۆپیشاندانەدا بەشداریی بەرچاوی ڕەوندی کورد و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و ئەندامانی بە شەکانەوی ئالای کوردستان و پۆشینی جلوبەرگی کوردی و خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب سەرنجی تایبەتیی سەرجەم خۆپیشاندەران و ئەندام پارلمان و کەسایەتییە سیاسییە بەشداربووەکانی کانادای بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو .

ئەوەی زۆر جێگای سەرەجی تایبەت بوو ئەوەیە کە بە خۆشییەوە ڕۆژ بەدوای ڕۆژ دەنگی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران زیاتر دەگاتە ناوەندەکانی بڕیاری وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەتی دەوڵەتی کانادا و هەر لەو پێناوەشدا  چەندین هەڵوێستی  گرینگیان دژ بە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران گرتووە و لە لێدوانەکانیاندا دەردەکەوێت کە ئەوانیش هاتوونەتە سەر ئەو بڕوایە کە کۆتاییەکانی تەمەنی نگریسی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانە و هەر بەو هۆکارەش هەرکات بانگەوازی خۆپێشاندانی گەلانی ئێران دەبینن بۆ خۆیان ئامادەیی بەشداربوون و پشتیوانیکردن دەردەبڕن کە بە درێژایی ئەو ساڵانە قەت شتی وا ڕووی نەداوە.

ئەو خۆپیشاندانەش دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە شەقام و ڕای خەڵک و ناوەندە حکوومەتییەکانی "کانادا"دا داوەتەوە و هەموو لایەک بە سەرنجەوە دەڕوانە ڕووداوەکانی ئێستای ئێران.