کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانیار ئەهوورایی: خەڵکی کوردستان و ئێران بەگشتی بە سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە هیوادارن

16:08 - 17 خەزەڵوەر 2722

هەڤپەیڤین: کاروان مێراوی

ئاماژە: لە سەرەتای سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی ئەم جارەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران کە بە شۆڕش و ڕاپەڕینی ژینا ناوبانگی دەرکردووە، خەڵکی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاو و جیاوازیان گێڕاوە و وەک ناوبانگی هەمیشەیی خۆی، جارێکی کوردستان وەک سەنگەری خۆڕاگری لە ئێران و جیهاندا دەنگی دایەوە و چاو و قەڵەمی میدیا جیهانییەکان لەسەر کوردستانە.

لەسەر ئەم ڕاپەڕینە ماڵپەڕی کوردستان میدیا وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز وانیار ئەهوورایی (ناوی خوازراو) چالاکی مەدەنی و یەکێک لە چالاکانی ئەم ڕاپەڕینە پێک‌هێناوە کە سەرنجتان بۆ خوێندنەوە ڕادەکێشین:

کاک وانیار سەرەتا سپاس بۆ بەشداریتان لەم وتووێژەدا، یەکەم پرسیارمان ئەوەیە؛ لە ڕوانگەی بەڕێزتانەوە کە لەنێو جەرگەی شۆڕشی شارن، ئەم ڕاپەڕین و سەرهەڵدانە چەندە ئەگەری سەرکەوتنی یەکجارەکیی هەیە؟ یان بە واتایەکی تر سەرکەوتنی ئەو ڕاپەڕینە لە گرەوی چی‌دایە؟

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەگشتی، چ ئەوانەی کە لە دەرەوەن و چە ئەوانەی کە لە نێوخۆن، نیسبەت بە سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە هیوادار و دڵخوشن و دڵخوشکەرن. بەڵام ئاکامی ئەم ڕاپەڕینە بە ئیرادە و تێکوشانی خەڵک گرێ دراوەتەوە. ئێستە کە خەڵک لە دوخێکی ئابووریی نالەبارن، خەڵک دەبێت هیوادار بن و بۆ ئامانجەکەیان کە ڕزگاریی نیشتمان و ئازادییە، هەست بە ماندووبوون نەکەن و تاکوو سەرکەوتن کۆڵ نەدەن. خوێندکاران و بازاڕییان و هەموو ئەو کەسانەی کە لەم شوڕشەدا بەشدارن، دەبێت هەر دەم بیر لە ئازادی و ژیانێکی خۆش بکەنەوە و بۆ داهاتوویەکی باش و گەش لە ماندووبوونی خۆیان تێپەڕن. خەڵک و بەتایبەت لاوان زۆر پێویستیان بە پاڵپشتی و دڵگەرمی هەیە. کۆبوونەوە، ڕێپێوان و ئاکسیۆنەکان لە تاراوگە و دەرەوەی وڵات وەکوو ئاکسیۆنە پڕجەماوەری و هەزاران کەسییەکەی شاری بێرلین لە وڵاتی ئاڵمان، کاریگەرییەکی زۆر  باشی هەبوو بۆ دڵگەرمی و بەردەوامبوونی خەڵکی ناوخۆ لەم ڕاپەڕینە. گرینگتر لەوەیش پاڵپشتیی دەوڵەتەکانە لە خەڵکی کوردستان و ئێران و ئەنجامدانی هەر شتێک کە بتوانن و بۆیان بکرێت، ئەمەش لەم قۆناغەدا ئەرکی حیزبەکانە سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ لای ئەو ڕاپەڕینە و خەڵک و شەقامەکان ڕابکێشن.

بەگشتی بەردەوامبوونی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکان و سەرهەڵدان و چوڵنەکردنی شەقامەکان دەتوانێت سەرکەوتوویی و ڕزگاریی بەدواوە بێت و خەڵک دەتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و وڵاتێکی ئازاد و دێموکراتیک پێک بهێنن.

بە بۆچوونی بەڕێزتان هاوئاهەنگییەکی ئۆرگانیک لەنێوان سەرهەڵدانی شارەکان لەگەڵ یەکتردا هەیە؟ ئەگەر هەیە لە چ ئاستێک‌دایە؟

تا ڕادەیەکی زۆر ئەم هاوئاهەنگییە لەنێوان شارە جۆراوجۆرەکاندا دەبینرێت. ئەم هاوئاهەنگییە لە شارەکانی کوردستان و هەروەها لە زانکۆکاندا زۆرتر لە بەرچاوە و ئەویش پاڵپشتی و یەکدەنگی و هاودڵبوونی یەکتر دەسەلمێنێت. بەڵام بە جۆرێک گشت شارەکانی ئێران هاوئاهەنگ بوونە و ئەم ڕاپەڕینە هەر ڕۆژێک لە شارێکەوە دەبینرێت. میدیاکان دەبێت هەوڵ بدەن هاوئاهەنگییەکی باش ڕێک بخەن تاکوو لە هەموو جێگەیەکەوە خەڵک زۆرتر لە جاران بێنە سەرشەقام و ڕێژیمیش‌ لە هەموو لایەکەوە سەرقاڵ بێت و نەتوانێت کونتروڵی دۆخەکە بکات و بە سانایی خەڵک سەرکوت بکات.

مانگرتنەکان چ کاریگەرییەکان لەسەر خرۆشانی شەقامەکان هەبوو و ئەم کاریگەرییە چەندە بوو؟

بەشێکی زۆر لە خرۆشانی شارەکان ئاکامی لە مانگرتنەکاندا بوو. بەڵام بەداخەوە شارە فارسنشینەکان لە ناوەندی ئێران کەمتر پێشوازییان لە مانگرتنەکان دەکرد و بە ڕوونی دەرکەوت کە هەر کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مانگرتن هەبووە، دواترەکەی خەڵک بە حەشیمەتێکی زۆرترەوە هاتوونەتە سەرشەقام و بە دوو شێوە زەربەی قورسی لە ڕێژیم داوە و ئەمەش بێگومان کاریگەرییەکی باش و شوێندانەری لەسەر بەردەوامبوونی ئەم ڕاپەڕینە هەبووە و هەیە. هیوادارم ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت.

توندوتیژییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان و بەلووچستان یەکجار زۆرن. بۆچی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و بەلووچستاندا تاوان و جینایەتی زیاتر دەخوڵقێنێت؟

نەتەوەکانی کورد و بەلووچ لە ئێراندا دوو نەتەوەی ستەم‌لێکراون و بۆ مافی خۆیان زۆرتر خەبات و تێکۆشان دەکەن. خەڵکانی ئەو دوو هەرێمەش باوەڕ و غیرەت و هەستی ئازادیخوازییان زۆرترە و بە یەکجاری و هاوکات بە یەکبوون حەماسە دەخولقێن. لایەنە سیاسی و ئایینییەکان لە کوردستان و بەلووچستاندا بوونەتە هۆی ترسی ڕێژیمی داگیرکەری ئەو دوو هەرێمە و خەڵکیش بە جۆرێک پێبەندی بیروباوڕی لایەنە سیاسی و ئایینییەکانی کوردستان و بەلووچستانن. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێژیمی داگیرکەر لە کوردستان و بەلووچستاندا زۆرتر جینایەت و تاوان بخوڵقێنێت تاکوو لاوان لەو بیروباوڕەی کە لەسەر نیشتمان، لەسەر لایەنە سیاسی و ئایینییەکان و بەگشتی هەستی شۆڕشگێڕییان بە دوور بخاتەوە.

ئەم ڕاپەڕینە دەتوانین بڵێین سەرانسەرییە. چ وێکچووییەک و جیاوازییەک لەنێوان ڕاپەڕینی خەڵکی کورستان و ناوچەکانی تری ئێراندا دەبینن؟

بۆ هەموو جیهان سەلمێندراوە کە کورد و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندە پێکەوەن و بە چە یەکبوونێکەوە خەریکی ڕاپەڕینن. یەکەم هەنگاویش هەر لە کوردستانەوە دەستی پێ کردووە و دواتر هەمووی ئێرانی گرتەوە. لە کوردستان بە هۆی شەهیدکردنی شەهید ژینا و دواتریش ئەشکەنجە و شەهیدکردنی خەڵکی مافخواز، خەڵک تووڕەتر بوون و هەموو شارەکان پێکەوە بەشداریی ئەم ڕاپەڕینەیان کردووە. باشیش دەرکەوتووە کە توندوتیژی لە کوردستان زۆرتر و بەرچاوتر لە ناوچەکانی تری ئێران بووە.

بەڵام جیاوازییەکان. جیاوازی لە بەشداری خەڵک‌دایە. لە کوردستان هەموو شارەکان چە شارە گەورەکان و چە شارە بچووکەکان بەشدارییان کردووە کە چی هێشتا زۆربەی شارەکانی تری دەرەوەی کوردستان تاکوو ئێستە یان بێدەنگن یان زۆر بە کەمی دێنە سەرشەقام و ماوەیەکی زۆر کەم لە شەقام دەمێننەوە، بەڵام لە کوردستاندا لە کاتی سەرهەڵدانی ئەم ناڕەزایەتییانەوە تاکوو ئێستە بەردەوام لە شەقام، بۆ نموونەش دەتوانین ئاماژە بە شاری سنە بکەین کە یەک ڕۆژیش شەقامیان چۆڵ نەکردووە. ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان کاریگەریەکی زۆری لەسەر ناوچەکانی تری ئێران هەبووە و بێگومان ئەم کاریگەرییەش بەردەوامیش دەبێت. لە کوردستاندا زۆربەی خەڵک بەبێ هیچ جیاوازییەکی ڕەگەزی،تەمەن و ...، هاوبیر، هاوڕێ و بەشدار بوونە، بۆیە ئەو چاوەڕوەانییە کە لە شارەکانی ناوچەکانی تری ئێران هەیە هێشتە سەری نەگرتووە و ئەنجام نەدراوە.

حیزبە کوردستانییەکان دەورێکی سەرەکییان لەو مانگرتن و ڕاپەڕینەکەدا هەیە. لە ڕوانگەی ئێوەوە چاوەڕوانی و داخوازیی خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵات لەم قۆناغەی ئێستەدا لە حیزبە کوردستانییەکان چییە؟

ئێستە ئەوان نە ئەبێت بێدەنگ بن و نە بە بەرنامەی زۆریشەوە بێنە مەیدان. ئەوەی کە ئەوان دەبێت لە ئێستەدا بیکەن، پاڵپشتی لە خەڵکی ڕاپەڕیو و دڵگەرمیدانە بەو خەڵکە. دەبێت شارەزا ڕێنوێنی خەڵک بکەن و بە باشترین شێوە ئامۆژگارییان بکەن تاکوو کەمتر خوێن بڕژێت و باشترین دەسکەوتیشمان بێت. داواکاری ئێمە ئەوەیە کە سەرجەم حیزب و لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە هاوبیری بکەن بۆ داڕشتنی بەرنامە و پلان توکمە و ئەم ئەرکرش لە ئەستوی ئەوانە. دەبێت هەموو بۆ یەک ئامانج تێ بکوشن و پێکەوە هاوئاهەنگ بین.

بەڕیز ئەهوورایی، زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەم هەڤپەیڤینەدا، لە کۆتاییدا ئەگەر شتێک ماوە بۆ باسکردن یان هەر پەیامێکتان هەیە بفەرموون!

پەیامی من ئەویە: ئێستا کاتێکی بە نرخە و هیچ کات ئەم دەرفەتە نەڕەخساوە تاکوو خەڵک بەو شێوەیە بە یەکجاری و بەگشتی هاودەنگ بن. بۆیە دەبێت ئەوپەڕی هەوڵ و تێکۆشان و خەبات بکەین و هەوڵی خۆمان بدەین تاکوو بگەین بە ئاوات و ئامانج. لە هەموو خەڵک و لایەنێک داواکارم کە ئەم جارە بە هیچ شێوەیەک بێدەنگ نەبن و تاکوو سەرکەوتن و ئازادیی هەمیشەییمان کۆتا نەیەن. ئەگەر وا نەبێیت دەبێت ئەم ڕێژیمە داگیرکەرە مرۆڤ و بەتایبەت مناڵکوژە بە کارەسات دەڕووخێت!