کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی لە مانگرتنی ئێرانییەکانی بەردەم کۆنگرێسی ئامریکا

12:15 - 18 خەزەڵوەر 2722

کۆمەڵێک لە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەڤەری "واشنتۆن"، وێڕای ئەندام و لایەنگرانی حیزب، سەردانی گرووپی ئێرانییە مانگرتووەکانی بەردەم کۆنگرێسی ئامریکایان کرد و پشتیوانیی حیزبی دێموکرات و کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان بۆ دووپات کردنەوە.

کۆمەڵێک لە چالاکانی سەربەخۆی ئێرانی، بە مەبەستی لەقاودانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و بەدەستهێنانی پشتیوانیی کۆنگرێسی ئامریکا بۆ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، بڕیاریان داوە کە بۆ ماوەی دوو حەفتە شەو و ڕۆژ لە بەردەم کۆنگرێس بمێننەوە و وێڕای ناردنی نامە بۆ کۆنگرێس هاوکات بە کاری هونەریی سەرنجڕاکێش و دانانی وێنەی شەهیدان تێدەکۆشن گوشار بخەنە سەر بەڕێوەبەرایەتیی "جەو بایدێن" هەتا پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بکات.

کوردەکان لەو سەردانەدا وێڕای دەستخۆشی و پشتیوانی لەو هەنگاوە، هاوکات لەگەڵ چەند کەسایەتیی ناسراوی نەتەوەکانی ئێران، سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی ئێران و کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

هەروەها وەڕێخەرانی کەمپەینەکە، سپاسی پشتیوانیی مادی و مەعنەویی کوردەکان و کۆمیتەی حیزبی دێموکراتیان لە چالاکییەکەیان کرد.

لەسەر داوای بەڕێوەبەرانی مانگرتنەکە، "ڕەحیم ڕەشیدی" بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە، قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لە بایەخی ئازادی کرد و وتی کە هیچ شتێک لە ئازادی بەنرختر نییە و تەنیا  بایەخی ئازادییە کە هەموو لایەک لە دەوری یەکتر کۆ دەکاتەوە و پێکەوە تێدەکۆشن بۆ سەرکەوتن، چونکە ئازادی وێڕای بەخشینی کەسایەتی بە مرۆڤ، هاوکات بژاردە و ڕێگای جۆراوجۆری بۆ هەڵبژاردن لە بەردەمدا دەکاتەوە و ئەمەش ئەوە دەهێنێ مرۆڤ لە پێناویدا گیان ببەخشێ.

"ڕەشیدی" لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئێمە لە کوردستان لەژێر سێبەری دروشمی ''ئازادی بۆ ژن و بەختیاری بۆ کۆمەڵ'' گەورە بووین و ئەوەی هەنووکە لە ئێران و کوردستان دەرباز دەبێ بۆ ئێمە نامۆ نییە و ئێمە لەگەڵ ئەو دیاردە و خەباتە گەورە بووین و ئاشناین.

"ڕەحیم ڕەشیدی" سەبارەت بە شەڕی داسەپاو بەسەر کوردستاندا باسی ئەوەی کرد کە منداڵانی کوردستان هەموو کات جانتاکانی قوتابخانەیان پڕ بووە لە بۆنی بارووت و دەنگی بۆمبی شەڕی نەخوازراو.