کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی کوردستانی ئێران (لە ١٣ی سێپتامبرەوە هەتا ٦ی نوامبری ٢٠٢٢)

15:18 - 18 خەزەڵوەر 2722

دوای کوژرانی ژینا ئەمینی کیژۆڵەی خەڵکی سەقز کە لە ڕێکەوتی ١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٢ لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی گەشتی ئیرشادەوە لە تاران دەسبەسەر کرا و دوای سێ ڕۆژ لە ١٦ی سێپتامبر تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە، لە کوردستان و دواتر سەرانسەری ئێران بە دژی کوشتنی ئەوم کچە کوردە خۆپێشاندان و مانگرتن دەستییان پێکرد بەجۆرێک کە هەتا ئێستا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان وەک، سەقز، سنە، مەریوان، دیواندەڕە، شنۆ، پیرانشار، مەهاباد، محەمەدیار، دێولان، بیجاڕ، بۆکان، بانە، کامیاران، ئیلام، ئاودانان، کرماشان، قوڕوە، نەغەدە، ورمێ، پاوە، ڕەبەت، سەردەشت، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، شاباد، سەحنە، میاندواو و... ڕۆژانە و بەشێوەی جۆراوجۆر و بڵاو مانگرتن و خۆپێشاندان بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە.

 لە ئاکام ٥٥ رۆژیی ئەم خۆپێشاندانانە کە بەشێوەیەکی ئارام و ئاشتیخوازانە بەڕێوەدەچوون و هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەو توندوتیژییان بردووە؛ هەتا ڕێکەوتی شەممە ٥ی نوامبر ئەوەندەی بۆ ئێمە وەک ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرا بووە و زانیاری تەواومان لەسەر هەیە، لانیکەم ٥٦ هاونیشتمانی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆ و تەنانەت چەکیی شەڕ، ئەشکەنجە و لێدان بە باتووم و کەرەسەی ڕەق گیانییان لەدەست داوە کە ١١ کەسیان تەمەنییان ژێر ١٨ ساڵە و ٥ کەسیشییان ژنن. هەروەها زیاتر لە ٢٥٠٠ هاونیشتمانی دیکەش بریندار بوون کە بەشی هەرەزۆریان لە ترسی دەسبەسەرکرانییان سەردانی نەخۆشخانەکان ناکەن و لە ماڵەکان و لەلایەن خەڵکی ئاسایی دەرمان دەکرێن و ئەو بەشەی کە لە نەخۆشخانەن یان ڕەوشی تەندرووستییان زۆر ناجێگیرە یان لەژێر چاودێری چڕی هێزە سەرکوتکەرەکان دان.

هەر لەو ماوەیەدا مەزندە دەکرێ لە کوردستان نزیک ٤٠٠٠ هاونیشتمانی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کرابن کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان"چاونیوز" توانیوەتی هەتا ئێستا ناوی زیاتر لە ٩٠٠ هاونیشتمانی ئاشکرا بکا کە لەم نێوەدا ١٢٠ کەسیان ژنن، لانیکەم ٨٠ کەس لەو گیراوانە خوار ١٨ ساڵەن کە بەشی زۆریان مناڵانی قوتابخانەن هەروەها لەو ژمارەیە ٨٠ کەس خوێندکاری زانکۆن، لێنزیک ٢٠ کەسیان مامۆستای قوتابخانەن و ٦٥ کەسیش چالاکانی مەدەنی، ئەدەبی، زمانی و کلتووری و ڕۆژنامەنووسن.

ئاماری گشتی ئەو خۆپێشاندەرانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانییان لەدەست داوە و شەهید بوونە: