کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب لەگەڵ خاتوو "دەریا سەفایی" ئەندام پارلمانی فێدرداڵی بێلژیک

17:08 - 21 خەزەڵوەر 2722

هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بێلژیک بە سەرپەرستیی "بەها  ئیبراهیمی"  بەرپرسی کۆمیتە و "هیوا عەلیپوور"  بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی کۆمیتە و "کاوە ئاهەنگەری" چالاکی  دیاری  سیاسی، لەگەڵ خاتوو "دەریا سەفایی" پارلمانتاری پارلمانی  فێدراڵی وڵاتی بێلژیک لەسەر لیستی حیزبی  "ئێن ڤێ ئا" (N.VA) کۆ بوونەوە.

خاتوو "دەریا سەفایی" وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو دیدارە و بەتایبەتی ئاشنابوونی لەگەڵ کۆمیتەی حیزب، پێداگریی لەسەر بەردەوامبوون و بەرینبوونەوەی پێوەندییەکانیان کرد.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە  لە ڕەوتی بەرەوپێشبردنی خەباتی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران هەرچی لە توانایدا بێ دەیکات و بەڵێنی ئەوەشی دا کە کار بۆ گەیاندنی دەنگی ئازادیی گەلانی ئێران بە دنیای دەرەوە و بەتایبەتی بە سیاسەتمەداران و کۆمەڵگای بێلژیک بکات.

هەر لەو پێوەندییەدا هەندێک پێشنیار بە خاتوو "دەریا" کرا کە بتوانێ لە پارلمانی فێدراڵی بێلژیک بیانخاتە ڕوو و لە پێگەی سیاسیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشنیارانە هەوڵ بدات.

"دەریا سەفایی" ئەندامی پارلمانی فێدراڵی بێلژیک و کەسایەتییەکی دیاریی سیاسییە کە ڕۆڵ و کاریگەریی لە باشترناساندنی پرسەکانی پێوەندیدار بە مافەکانی ژن لەنێو کۆمەڵگای جیهانی و بەتایبەت لەسەر پرسی بەشداریکردنی ژنان لەنێو یاریگاکانی ئێران کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە قەدەغە کراوە، زۆر هەوڵی داوە. 

هەر دوو لا لەسەر چالاکیی سیاسیی هاوبەش و هاوکاریکردنی یەکتر بۆ باشترکردن و کاریگەریی زیاتری کار و تێکۆشانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی بێلژیک کە بەتایبەت لە ئێستادا کە سەرهەڵدانێکی جەماوەریی لە کوردستان و ئێران لەئارادایە، جەخت کرایەوە.