کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شەش شاری وڵاتی فینلاند خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو

15:28 - 22 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە، ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠١ بەرامبەر بە ١٢نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی، بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆپیشاندانی جەماوەری لە کوردستان و ئێران لە شەش شاری وڵاتی فینلاند لەوانە هێلسینکی، تامپێرە، تورکوو، یووڤاسکولا، ڤاسا و لاهتی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو.

لەم خۆپیشاندانانەدا سەدان کەس لە کوردستانییان، ئێرانییان، ئۆکراینی و بیانییانی دانیشتووی وڵاتی فینلاند بەشدارییان کرد.

خۆپیشاندانەکان بە سروودی "ئەی ڕەقیب" ‌و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی ڕاپەڕینی سەرانسەریی کوردستان ‌و ئێران دەستی پێ کردووە.

لە هەرکام لەم کۆبوونەوانەدا، پەیام‌ و داخوازیی بەشداران بە زمانەکانی کوردی، فارسی‌ و فینلاندی پێشکەش کران.

لەو پەیامانەی کە لەو خۆپیشاندانانەدا پێشکەش کراون، وێڕای ئاماژە بە شەهیدکردنی "ژینا ئەمینی"، بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم، لێکەوتەکانی راپەڕینی سەرتاسەریی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئێران بە خاڵێکی وەرچەرخانی چارەنووسساز لە قەڵەم درابوو کە لە ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بێ‌وێنە بووە.

لە کۆتایی پەیامەکاندا، چەن خاڵێک وەکوو داخوازیی بەشداران ئاراستەی حکوومەتی فینلاند و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرابوو.

لەم کۆبوونەوانەدا دژی سەرکوت، کوشتن‌ و زیندانیکردنی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران‌ دروشم درا و هەروەها سروودی شۆڕشگێڕیی بە زمانەکانی کوردی‌ و فارسی بڵاو کرایەوە.