لە درێژەی چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، ڕۆژی شەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بەرامبەر بە ١٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی، خۆپیشاندانێک بە بەشداریی کوردستانییان و کۆمەڵێک لە ئازادیخوازانی ئێرانی لە شاری "ئاڵبۆڕگـ"ـی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.
سەرەتا خۆپیشاندەران بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک تراکتی پەیوندیدار بە ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و ئێران و دروشمدان، تا گوڕەپانی شارەکە ڕێپێوانیان کرد.
پاش گردبوونەوەی خۆپیشاندەران لە شوێنی مەبەست "فاخیر مەولوودی" و خاتوو "موژگان پەریزادە" وەکوو بەڕێوبەرانی کۆبوونەوەکە، چەند ساتێک بێدەنگییان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان و گیانبەختکردووانی نوێی شۆڕشی گەلانی ئیران ڕاگەیاند.
پاشان "پێشەوا مەحموودیان"، "ئیقباڵ ساڵحی پوور" و "عیسا مەحموودی" وتاری ناوەندی ھاوکارییان بە زمانەکانی دانمارکی، فارسی و کوردی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەدا خەڵکی بەشدار لە کۆبوونەوەکەدا دروشمیان دا و سروودی شۆڕشگێڕانەیان وتەوە.
لە کۆتاییدا لەلایەن "ئاڤان یووسفی" هۆنراوەیەک بە زمانەکای کوردی و فارسی خوێندرایەوە و خۆپیشاندانەکە کۆتایی پێ هات.