کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتیوانیی لە سەرهەڵدانی جەماوەری لە کوردستان، لە وڵاتی ئاڵمان خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو

15:27 - 22 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، خۆپیشاندانێکی بەرین بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران لە شاری "هامبۆرگ و برێمنـ"ـی وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.  

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی چالاکانی ڕێگەی ئازادیی ئێران لە شاری هامبۆرگ، ئەو خۆپیشاندانەیان بەڕێوە برد.

لە سەرەتادا "کەماڵ حەسەنپوور" بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی حیزب پەیامی کۆمیتەی حیزبی بەو بۆنەوە بە زمانی فارسی پێشکەش کرد.

لە پەیامەکەدا باس لە شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی سەرتاسەری لە کوردستان و ئێران و هەروەها باس لەو مانگرتنە کرابوو کە ڕۆژی ٢٨ی خەرمانان لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو و خەڵک بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان، بێزاری و نەفرەتی خۆیان دژی ڕێژیم نیشان دا.

هەروەها لە پەیامەکەدا باس لە سەرهەڵدانی خوێندکاران لە زانکۆکان و یەکگرتوویی هەموو نەتەوەکانی نێو ئێران و هەموو حیزب و لایەنەکان کرابوو کە بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم لە هەوڵدان.   

لە درێژەدا "شەهریار نەقشبەندی" قسەی بۆ بەشداران کرد.

ناوبراو سەرەخۆشیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە هەموو بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕین ڕاگەیاند و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست و وێڕای مەحکوومکردنی تاوانەکانی ڕیژیمی ئێران، وتی کە هەوڵەکانمان بۆ ڕووخانی ڕێژیم چڕتر دەکەینەوە. 

هەر لەو پەیوەندییەدا داوای لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، وڵاتە ئازاد و دێموکراتیکەکان و سەرجەم ئازادیخوازان کرد کە دژی ڕێژیمی ئێران بوەستنەوە و باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران نەک کوردستان بەڵکوو هەموو ئێرانی کردووەتە زیندان بەتایبەت بۆ نەتەوەکان.