کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە دانمارک وەزارەتی دەرەوەی دانمارکی لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئاگادار کردوەوە

13:45 - 24 خەزەڵوەر 2722

لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا، "هەژار دەشتی" بەرپرسی پێوەندییەکان لە وڵاتی دانمارک لەگەڵ بەرپرسی دۆسیەی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی دانمارک، باسی هێرشی ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەزەڵەور، لەلایەن کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەمپی پەنابەران کرد. 

نوێنەری حیزب باسی لەوە کرد کە ئەوە چەندەمین جارە کە ڕێژێمی کۆنەپەرست و تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی هەرەمەکی و بە مووشەک و بە دڕۆنی خۆتەقێن هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزب و پارتە ڕۆژ‌ەڵاتییەکان و کەمپی پەنابەران دەکا  و خەڵکی سیڤیل و بێ تاوان دەکاتە ئامانج. 

هەرلەدرێژەی باسەکەدا باسێک لەسەر ئەو ڕاپۆرتە کرا کە لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە ئامادەکراوە سەبارەت بە پێشیلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە چوارچێوەی شۆڕشی ژینا و ئامارە پێوەندیدارەکان بە خۆپێشاندانەکان. 

بەرپرسی دۆسیەی ئێران سپاسی ئەو پێوەندییە تەلەفۆنییەی کرد و خەمخۆری خۆی بۆ هێرشەکە ڕاگەیاند. ‌هەروەها ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ئەو زانیارییانە لەڕاپۆرتەکانی خۆیدا دەگونجێنێ و لە کۆبوونەوەکانیاندا سەبارەت بە ڕەوشی ئێران، دەیانهێنێتە بەرباس.