کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی هۆلەند

13:36 - 25 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٢١ی خەزەڵوەر لە شاری "زووتەمیر"ی وڵاتی هولەند وەک یەکەمین کۆبوونەوە دوای یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات کۆبوونەوەیەکی گشتی بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەڕێوە چوو.

دەستپێکی کۆبوونەوەکە وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووان لەلایەن "حەسەن لاوە" بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" وخولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل بەتایبەتی شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەستی پێ کرد.

لە بڕگەی یەکەمدا دوکتور ئازاد محەممەدیانی باسێکی لە مێژووی حیزبی دێموکرات هەر لە سەردەمی حیزبی ئازادی و کۆمەلەی ژێکافەوە تا بە ئێستا و ڕەهەندەکان و ئەو چەمکانەی کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بوونەتە بناغەی نەتەوەیی و خۆشەویستیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ ئەو حیزبە کرد. بەڕێزیان لە درێژەی باسەکەیدا باسی لە سیاسەتی حزووری مەدەنیی حیزبی دێموکرات و پێوەندی بەرینی بە کۆڕ و کۆمەڵانی کوردستان کرد کە کۆی هەمووی ئەو سیاسەتە بووەتە ئەوەیکە ئەمڕۆ وەک گەورەترین و کاریگەرترین حیزب لە ڕۆژهەڵات و ئێران حیسابی لەسەر بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا حەسەن مەجیدی باسێکی لەسەر کاریگەرییەکان وگرینگیی یەکگرتنەوەکە و هەروها ئاکامەکەی کرد کە چۆن خەڵک لە ڕۆژهەڵات بەرەو بانگەوازەکانیانەوە دێن کرد. مەجیدی شیی کردەوە کە ئەگەر یەکگرتنەوە گرینگ بووە بەڵام پاراستنی ئەم یەکگرتنە و یەکڕێزییە زۆر گرینگترە هەروەها باسێکی لەسەر کاری ڕێکخستنی و چۆنیەتیی ستروکتووری نوێی حیزب تا کاتی کۆنفرانسەکان بۆ کۆنگرە بۆ بەشداربووان ڕوون کردەوە.

لە بەڕگەیەکی تردا "ئاوات بەرخانە" وەک بەرپرسی بەشی پێوەندییەکان و "حەسەن لاوە" باسێکیان لەهەمبەر ئەرکەکانیان بۆ بەشداربووان شی کردەوە و لە نێوبڕێکدا سیروان موەزەف چەند پەخشانی شۆڕشگێڕی و ڕابوونی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا دوکتور "ئازاد محەممەدیانی"، "حەسەن لاوە" و "حەسەن مەجیدی" وڵامی ڕەخنە و پێشنیاری بەشداربووانیان دایەوە.