کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئوسترالیا لەگەڵ سناتۆر گیرارد ڕینیک کۆ بوونەوە

17:22 - 25 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر سەلاح پوورئەسەد، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئوسترالیا لەگەڵ سناتۆر "گیرارد ڕینیک" سەر بە حیزبی لیبراڵی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەیەکیان پێک هێنا.

لەو کۆبوونەوەیەدا ڕاپورتێکی تێروتەسەل لەمەڕ کارنامەی ڕەشی ڕێژیمی ئێران پێوەندیدار بە سەرکوتی گەلانی ئەو وڵاتە، کوشتاری زیندانییانی سیاسی، پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ، شەڕ دژی گەلی کوردستان، تێرۆری ڕێبەرانی ئۆپۆزیسونی ئێرانی بە تایبەت کورد و ناردنی تێرۆریزمی ئیسلامی بۆ ھەموو دنیا، پێشکەش بە سێناتۆر ڕینیک کرا. پاشان بە وردی باسی سەرھەڵدان و گەشەی خۆپیشاندانەکان کرا کە لە پاش شەھیدکرانی "ژینا ئەمینی" لە کوردستان و ئێران سەریان ھەڵدا، هەروەها ئاماژە بە ئاماری کۆژرانی سەدان کەس و لەنێویاندا دەیان منداڵ کرا.

لەو پێوەندییەدا ھێندێک بەڵگە و دیکومێنت لەلایەن نوێنەری حیزب درایە دەست سەناتۆر ڕینیک. هەروەتر باسی سنووربەزاندنەکانی ڕێژیمی ئێران دژ بە حیزبە سیاسیە کوردیەکان لە خاکی عێراقدا کرا کە لە ماوەی ڕابردوودا بە مووشەک و دڕۆن هێرش کراوەتە سەریان.

لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا باسی نوێترین ھێرشی تیرۆریستیی ڕێژیم بۆ سەر بنکەی حیزب کرا کە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، لەلایەن سپای تیروریستی پاسدارانەوە ئەنجام درا.

 سێناتۆر ڕینیک، وێڕای مەحکومکردنی ئەو کردارانەی ڕێژیم بەڵێنی دا کە ئەو باسانە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ئەنجام بدات و ھەوڵ بدات کە گوشارەکانی ئوسترالیا لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاتر بکەن.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حیزب داوای کرد کە سپای پاسداران و فەرماندە تێرۆریستەکانی بخڕینە پێرستی تێرۆر و بنەماڵەكانیان ئیزنیان پێ نەدرێ بێنە ئوسترالیا و باڵوێزی ئەو ڕێژیمە دەر بکرێت و دارایی دەست و پێوەندەکانی ڕێژیم کە خەرجی تێرۆر دەکرێ لەو وڵاتە دەستیان بەسەردا بگیرێت.
سەناتۆر ڕینیک لەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و ئەو پێشنیارانە کە داخوازیی ھەزاران ئێرانی نیشتەجێی ئەو وڵاتەیە، بەڵێنی دا بەدواداچوون بۆ ئەو داواکارییانە بکات.