کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کۆپێنهاگ خۆپێشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ئێران لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو

16:35 - 28 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر (١٦ی نوامبری ٢٠٢٢)، خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە "کۆپێنھاگ"ی پێتەختی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو. ئەم خۆپیشاندانە لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

کوردانی دانیشتوو لە وڵاتی دانمارک لە درێژەی کار و چالاکییەکانی خۆیان بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران و بە تایبەتی ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو و هەروەها بۆ مەحکوومکردنی هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە هاوبەشی لەگەڵ زۆربەی چالاکان و لایەنەکانی ئێرانی و کوردستانی ئەو خۆپیشاندانەیان بەڕێوە برد. 

بەشداریکردنی لەم خۆپیشاندانە نیشانەی پشتیوانیی تارواگەنشینانی دانمارک بوو لە خەڵکی بەحەق ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە ئێستا لە کوردستانی باشوور نیشتەجێن و دەکەونە بەر ھێرشی مووشەک و دڕۆنیی ڕێژێمی ئێران و ئەو ھێرشانە دوورن لە ھەموو بەھایەکی مرۆیی و پێشێلکردنی سەروەری خاکی ھەرێمی کوردستان و عێراق. 

هەروەها بە تایبەتی پەیمان نوێکردنەوە بوو لەگەڵ شەھیدانی ٢٣ی خەزەڵوەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆیە و ئیدانەکردنی ھێرشەکانی سەر بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز.

لەم خۆپیشاندانەدا پەیامێک بە زمانەکانی ئازەری و فارسی لەلایەن "وریا مەللاک" بە نوێنەرایەتی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێشکەش بە بەشداربووانی ئەم خۆپێشاندانەی بەردەم ھێلانەی سیخوڕیی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا. 

لە بەشێک لە وتەکانی "وریا مەللاک" بە نوێنەرایەتی ناوەندی ھاوکارییدا ھاتبوو:
ئەمڕۆ پرۆژەی مانگرتنی سەرتاسەری ڕۆژانە و دەربڕینی ناڕەزایەتیی شەوانەی کوردستان بە کۆتا گەیشت و دوای ڕێگایەکی دەیان ساڵە بە ئازار و خوێنێکی زۆرەوە لە کوردستانەوە سەرتاسەری ئێرانیشی گرتەوە، ئەم پڕۆژە شۆڕشگێڕانەیە ھەر دەسەڵات و حکوومەتێکی دیکتاتۆری سەرەڕۆ لە ڕەگ و ڕیشە ھەڵدەکێشێت و لە زبڵدانی مێژووی دەھاوێت.

ساڵانێکە ڕێژێمی زوحاک خووی ئێران لە ھەوڵی ئەوە دایە کە بە چەکی پێشکەوتوو، مووشەکی دوور مەودا و دڕۆنەکانی خۆی جوڵانەوەی گەورەی کوردستان لەنێو ببات بەڵام ھەرجار خراپتر لە پێشوو لەگەڵ ھەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئازارچێژتووی  کوردستان بەرەو ڕوو دەبێ و سەری خۆی لە گاشەبەردەکانی کوردستان دەکوتێت.

ئەم خۆپێشاندانە تا درەنگانی ئێوارە بە وتنەوەی دروشم دژی ڕێژیمی ئێران درێژەی کێشا.