کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکی گرینگ لە ئۆتاوا پێتەختی کانادا بەڕێوە دەچێت

16:38 - 28 خەزەڵوەر 2722

لە ئەمڕۆوە چادرێکی کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر پارلمانی کانادا لە ئۆتاوای پێتەختی ئەو وڵاتە هەڵدراوە و بڕیارە تێیدا چالاکیی دژ بە ڕێژیم و بۆ خواستە جۆراوجۆرەکانی وەک ناساندنی یەکجارەکی و فەرمیی سپای پاسداران بە گرووپێکی تێرۆریستی و بە فەرمی ناسینی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی دیکتاتۆری بەڕێوە بچێت.

لە دەسپێکی ئەو چالاکییەدا "شەهین فەیزی" و "ئیحسان زارعی" لە ئەمڕۆوە تا ماوەیەکی نادیار لە ئۆتاوا بەڕێوەبەری ئەو چالاکییە دەبن.

پێشبینی دەکرێ ڕۆژانەش خەڵکیان بە دەورەوە بێ و ڕێژەی ئەو خەڵکە بەو چالاکییە زیاتر و زیاتر بکا. لە یەکەم ساتەکانی ئەو چالاکییەدا ماڵی کورد پشتیوانیی خۆی ڕاگەیاندووە  کە هەموو هەوڵێک بۆ چالاکتر کردن و پڕ بەرهەمتربوونی ئەو چالاکییە دەدا.

سپای پاسداران تەنیا بەو تاوانانەی خوارەوە بەسە بۆ ئەوەی وەک گرووپێکی تێرۆریستی بێتە ئەژمار و بخرێتە لیستی گرووپێکی تێرۆریستییەوە.

ـ کوژرانی ١٥٠٠ خۆپیشاندەر لە مانگی خەزەڵوەی ساڵی ٩٨

ـ بەئەنقەست خستنەخوارەوەی فڕۆکەی PS752 و کوشتنی ١٧٦ کەسی بێ‌تاوان و لە نێویاندا ٨٥ هاووڵاتیی کانادایی.

ـ کوشتنی زیاتر لە ٣٠٠ خۆپیشاندەر و لە نێویاندا زیاتر لە ٤٠ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە ڕاپەڕینی ئێستای ئێران.