بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، بەڕێز کاک مستەفا هیجری لە پەیامێکی دا ڕوو بە خەڵکی کوردستان وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی کوردستان، داوا دەکات درێژە بە ڕاپەڕینەکان بدرێ و وریای پیلانەکانی ڕێژیم بن و خۆ لە دانی تێچووی گرانبەها بپاڕێزن.
دەقی پەیامەکە:
خەڵکی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانمان لە خەباتی شاردا، شەهید و بریندار بوون. ڕاپەڕینی شوناسخوازانەی خەڵکی کوردستان نیشانی داوە کە نەتەوەی کورد لەسەر ویستی خۆی بۆ نەمانی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ستەم، چەوساندنەوە و هەڵاواردن هەروا سوور و پێداگرە. بەڵام لە هەمان کاتیشدا، دەبێ تێچووەکانی ئەم ڕاپەڕینە کەم بکرێتەوە.
بێگومان شەهیدبوونی لاوانی کوردستان بە مانای لەدەستچوونی سەرمایەیەکی گرانبەهایە بۆ کوردستان. بەڕوونیش دیارە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێ ڕاستەوخۆ ئاراستەی خۆپێشاندانەکان بەلاڕێدا بەرێ. هەربۆیە خەڵکی کوردستان دەبێ بە وشیارییەوە لەگەڵ پیلانەکانی ڕێژیم و نەیارانی گەلەکەمان هەڵسوکەوت بکەن.
ئەگەرچی هەموو نەتەوەی کورد و ئازادیخوازانی ئێران شانازی بە شەهیدبوون لەپێناو ماف و ئازادییەکانی گەلدا دەکەن، بەڵام لەم قۆناغەدا پاراستنی گیانی خەڵکی کوردستان و، خەباتکارە خۆنەویستەکانمان دەبێ لە ئەولەوییەتدا بێ. بەتایبەت داوا لە لاوە بوێرەکانمان دەکەم بە شێوەیەک درێژە بە ڕاپەڕین بدەن کە کەمترین تێچووی گیانی هەبێ.
لە کۆتاییدا لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم و، هیوای ساڕێژبوونی برینی هەموو بریندارەکانم هەیە. ئاواتی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەموو شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتن بە سەروەری، ڕزگاری و دەستەبەربوونی مافی نەتەوەییی کوردە لەم پێناوەدا، هەربۆیە خەباتی ڕەوامان بەردەوام دەبێت.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرکەوتنی خەباتەکەی دڵنیایە.
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
مستەفا هیجری
٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١