کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕۆژاوای کانادا خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو

13:33 - 29 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژی کوماری ئیسلامیی ئێران لە ١٥٠ شاری وڵاتی جیهان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ کوردان و باقی ئێرانییەکانی دانیشتووی "برتیشکلومبیا" لە شاری "ڤانکۆڤێر" لە ڕۆژاوای کانادا خۆپیشاندانێکی گەورەیان لە ناوەندی ئەم شارە پێک هێنا.

چەندین هەزار کەس کە بەشێکی بەرچاویان خەڵکی دیکەی غەیری ئێرانیی دانیشتووی ئەم شارە بوون بەشدارییان لەم خۆپیشاندانەدا کرد.

لەم خۆپیشاندانەدا شارەداری شاری "کوکیتلەم" و چەند پارلمانتار و بەرپرسانی وڵاتی کانادا بەشدار بوون و پشتیوانیی خۆیان بۆ شۆڕشی ژینا لە ئێران دووپات کردەوە.

خۆپیشاندەران داوایان لە دەوڵەتی کانادا کرد کە سپای پاسداران بخاتە لیستی تێرۆر و دارایی بەرپرسان و ئەوانەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانن لەم وڵاتە ڕابگیرێت.

خۆپیشاندانەکە بە دروشمی کوردی، ئینگلیسی و فارسی دژی کوماری ئیسلامیی ئێران درێژەی کێشا و داوا لە خۆپیشاندەران کرا کە ببن بە دەنگی کوردستان بەگشتی و شاری مەهاباد بەتایبەتی کە کۆماری ئیسلامی خەریکە بە بەربڵاوی قەتڵوعامی خەڵک دەکات.