کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەردەم پارلمانی دانمارک خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران بەڕێوە چوو

13:23 - 29 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، بەرانبەر بە ١٩ نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی، هاوکات لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جهان، خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بەرفراوان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەڵانی ئێران بە بەشداریی کوردانی دانیشتوو لە وڵاتی دانمارک و ئازادیخوازانی ئێرانی لە "کۆپێنھاگـ"ـی پێتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

سەرەتا خۆپیشاندەران لە بەردەم شارەوانیی کۆپێنھاگ کۆ بوونەوە و پاشان بە دروشمی شۆڕشگێڕی بەرەو پارلمانی دانمارک بەڕێ کەوتن.

لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی "ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، حیزبی گەلی بەلووچ و چالاکە سیاسییەکان" لەلایەن دوکتور"سەعید سووڵتان‌پوور" بە زمانی دانمارکی پێشکەش بە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە کرا.

دوکتور "سوڵتان‌پوور" لە بەشێک لە وتەکانیدا ئاماژەی بە قارەمانەتیی خەڵکی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەک ھەمیشە کرد و وتی: "تەنیا لە ٣ ڕۆژی ڕابردوودا کوردستان ٢٨ شەھیدی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە".

ھەروەھا وتی، "دایک، باوک، خوشک و برای" شەھیدەکانمان ھەر یەکەیان وەک ڕێبەرێک دەرکەوتوون و ڕێنیشاندەری ڕێگای ڕزگارین.

لە بەشێکی دیکە لە وتەکانیدا ڕووی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی کرد و داوای لێ کردن لایەنی خەڵک لە ئێران بگرن و کۆتایی بە سیاسەتی وتووێژی ڕەخنەگرانە لەگەڵ ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران بێنن و پشتیوانی لە داخوازیی ئازادیی خەڵک لە کوردستان و ئێران بکەن.

ئەم حیزب و لایەنانەی کە لەم خۆپیشاندانە بەشدارییان کردووە بریتین لە: "گرووپی زنجیرەی مرۆیی کۆپێنهاگ بۆ ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ـ تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات، کۆمیتەی بەرگری لە خەڵکی ئێران و کۆمیتەی پشتیوانی لە شۆڕشی ١٤٠١".

خۆپێشاندانەکە تا درەنگانی ئێوارە بە وتنەوەی دروشمی شۆڕشگێڕی درێژەی کێشا و لەلایەن میدیاکانی "دانمارکیـ"ـش ڕووماڵ کرا.