کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پارلمانی ئوتریش

13:29 - 29 خەزەڵوەر 2722

لە سەر بانگهێشتی فەرمیی پارلمانی ئوتریش، نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو وڵاتە لە دانیشتنێکدا لەگەڵ پارلمانتارانی وڵاتی ئوتریش کۆ بوونەوە.

ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە هۆڵی کۆبوونەوە تایبەتییەکانی پارلمانی ئوتریش، کۆبوونەوەیەک بۆ نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی و هەروەها نوێنەرایەتیی ئەو ڕێکخراو و ناوەند و پێکهاتانەی کە لە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتی ئوتریش دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشدارییان کردووە، پێک هات کە هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لەسەر بانگهێشتی فەرمیی پارلمانی ئوتریش تێیدا بەشدار بوو.

ئەو کەسانەی کە لە پارلمانی ئوتریش بەشداری کۆبوونەوەکە بوون بریتین لە:

ـ دوکتوڕ ڕاینهارد لۆپاتکا ئەندام پارلمان بۆ کاروباری دەرەوە لە سەر لیستی حیزبی دێموکرات مەسیح

ـ مارتین ئێنگلبێرگ ئەندام پارلمان بۆ کاروباری بووژانەوەی نێونەتەوەیی لە سەر لیستی حیزبی دێموکرات مەسیح

ـ دوکتور گودرون کۆگلەر ئەندام پارلمان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە سەر لیستی حیزبی دێموکرات مەسیح

ـ  ئێفا ماریا ‌هۆلتزلایتنەر ئەندام پارلمان بۆ کاروباری ژنان لە سەر لیستی حیزبی سوسیال دێموکرات

ـ  دوکتور ئێڤا ئێرنست جیجیج ئەندام پارلمان بۆ کاروباری دەرەوە و مافی مرۆڤ لە سەر لیستی حیزبی سەوز

ـ دوکتۆر هێلموت براندشتێتەر ئەندام پارلمان بۆ کاروباری دەرەوە لە سەر لیستی حیزبی لیبراڵ دێموکرات

ئەو کۆبوونەوەیە دوو بەشی لەخۆ گرتبوو کە بەشی یەکەمیان تەرخان کرابوو بۆ وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی بەشداربووان و پاشان باسکردن لە سەر بۆچوون و ئاخاوتنەکان، کە لەم دانیشتنەدا هاتنە ئاراوە. نوێنەری حیزبی دێموکرات لە باسێکی کورتدا ڕا و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ بەشداربووان خستەڕوو.

"محەممەدی فەقێ‌عەلی" لە وتەکانیدا، ڕوو بە پارلمانتاران و سیاسیەکانی ئوتریش و دامودەزگا حکومییەکان ئەوەی بیر هێنانەوە کە لە سەر لاپەڕەی سیاسیی ئوتریش نیسبەت بە ئێران، پەڵەیەکی ڕەش هەیە، کە مایەی شەرمە بۆ سەحنەی سیاسیی ئوتریش، ئەویش ئەوەیە کە زیاتر لە سی ساڵ لەمەوبەر لێرە، لە ڤییەن ڕێبەرێکی ئاشتیخوازی کورد لە سەر میزی وتووێژ لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر کرا، بەداخەوە تیرۆریستەکان نەک هەر لێرە ڕانەگیران و دادگایی نەکران، بەڵکوو لەلایەن پۆلیسی ئۆتریشەوە تا بەر دەرکی فڕۆکەی ئێرانی بەرەو تاران ئیسکۆرت کران، بۆیە جێگای خۆیەتی لێرەدا و لەو هەلومەرجەی کە ئێستا بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هاتووەتە گۆڕێ، بەر لەوەی درەنگ بێ، سیاسییەکانی ئۆتریش و بەتایبەتی ئەو نوێنەرانەی کە لێرەن ئەم داوایەش بخەنە پاڵ داواکاریی دیکەمان و ئەو پەروەندەیەی دوکتور قاسملوو بخەنەوە گەڕ، چون ئێستا وڵاتی ئوتریش دەتوانێ زۆر بە ئاسانی هاوپێوەندییەکی نێونەتەوەیی بۆ ئەو مەبەستە دروست بکات، پێویست ناکات هیچ ترسێکی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێت.