کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە شاری “ئاڵبۆرگـ"ـی دانمارک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەڕێوە چوو

13:25 - 29 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، بەرانبەر بە ١٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی، لە شاری "ئاڵبۆرگـ"ـی وڵاتی دانمارک خۆپیشاندانێک لەلایەن کۆمەڵێک لە کوردستانییان و ئێرانییانی دانیشتووی ئەو شارە بۆ پشتیوانی و دڵگەرمیی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان بەڕێوە چوو.

ئەم خۆپیشاندانە لە درێژەی چالاکییەکانی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە خەڵکی وەزاڵەھاتووی گەلانی ئێران و ئەو بەرخودان و بوێرییەی کە ئێستا لە کوردستانی ڕۆژھەڵات و ئێران لە ئارادایە و زیاتر لە دوو مانگی تێپەڕ کردووە و خوێن بووەتە پێناسە بۆ قارەمانەتی بەتایبەت بۆ خەڵکی بوێری کوردستان، بەڕێوە چوو.

لەم خۆپیشاندانەدا کۆمەڵێک تراکت بە زمانی دانمارکی بۆ ناساندنی کردەوە قێزەونەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران بە دنیای دەرەوە و بەتایبەتی کۆمەڵگای دانمارک بڵاو کرایەوە.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا وتارێک بە زمانی دانمارکی لەلایەن "زاگرۆس نەسروڵڵاهی" خوێندرایەوە.

خوپیشاندانەکە بە وتنەوەی دروشم و سروودی شۆڕشگێڕی کۆتایی پێھات.