کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا

13:31 - 29 خەزەڵوەر 2722

پاش بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان، خۆپیشاندانێکی گەورە لە وڵاتی بریتانیا بەڕێوە چوو.

پاش بانگەوازی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی کوردستانی ئێران لە بریتانیا، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە شارەكانی لەندەن، نیووكاسێل و كاردیێف خۆپیشاندانی بەرین بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران بەتایبەتی کوردستان بەڕێوە چوو.

 لە لەندەن خۆپیشاندانی هەزارن كەسی لە بەر دەرگای باڵوێزخانەی تێرۆریستیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی‌ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان بەرنامەكە دەستی پێ كرد.

پەیامی ئینگلیزیی ناوەندی هاوكاری لەلایەن "ئێدیسۆن فەرامەرزی"، پەیامی فارسی لەلایەن "گوڵاڵە سەلیمی" و  پەیامی كوردیش لەلایەن "ناسر ڕاستین"ـەوە خوێندرایەوە .

دواتر ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكرات هاوڕێ لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بەرەو دەرگای ژمارە دەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا وەڕێ كەوتن و لەوێ پەیامێک لەلایەن هاوڕێ "ئێدیسۆن فەرامەرزی"ـەوە پێشكەش كرا؛ دوایین بەرنامەی خۆپیشاندەران بەردەوامیی پشتیوانی لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران بوو .

لە شارەکانی نیووكاسێل و كاردیێفیش خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران بەڕێوە چوو.