کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی ئوتریش خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان بەڕێوە چوو

20:19 - 29 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، بەرانبەر بە ١٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی، خۆپیشاندانێک لە گۆڕەپانی مافی مرۆڤ لە شاری "ڤییەن" بە بەشداریی سەدان کەس لە کورد و ئێرانییانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش بەڕێوە چوو.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو خۆپیشاندانەدا چالاکانە بە ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبەوە بەشدارییان کرد.

سەرەتا ڕێکخەرانی بەرنامەکە وتارێکیان پێشکەش کرد؛ لە وتارەکەدا لەسەر خۆپیشاندانەکانی نێوخۆی وڵات و کوشتاری خەڵکی بێتاوان بەتایبەت منداڵان لەلایەن جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامییەوە باس کرا.

لەو خۆپیشاندانەدا داوا لە وڵاتی "ئوتریش" کرا هەر چەشنە وتووێژێک بەتایبەت وتووێژ لەسەر بەرنامەی ناوکی لەگەل ڕێژیمی ئێران ڕابگیرێت و باڵوێزخانەی ڕێژیم لە شاری "ڤییەن" دابخرێت و فەرمانبەرانی باڵوێزخانەش لەو وڵاتە دەربکرێن.

هەروەها داوایان کرد کە دەبێ ماڵ و دارایی کاربەدەستانی ڕێژیم لەو وڵاتە دەستی بەسەر داگیرێت و ئەژماری بانکییان دابخرێت؛ ڕێژیمی ئێرانیش بە زووترین کات لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەر بکرێت.

لەو گردبوونەوەیەدا لەلایەن نوێنەرانی پارلمانی ئوتریش سەر بە حیزبی سەوزەکانی ئوتریش و حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئوتریش و لاوانی سەر بە حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئەو وڵاتە و چەند کەسێکی ترەوە وتار پێشکەش کران.

پارلمانتارە "ئۆتریشـ"ـییەکان سەرەڕای ستایشی بەشداریی زۆری خەڵک لە خۆپیشاندانەکەدا باسیان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێشتری ئەندامانی پارلمانی ئوتریش سەر بە کلووبی هەموو حیزبەکانی پارلمان لەگەل نوێنەرانی خۆپیشاندەران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و بڕیارنامەیەک کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا پەسند کراوە.

"محەممەد فەقێ‌عەلی" بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی ئوتریش وەک نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوو.