کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێکی بەرین لە شاری "برووکسێلـ"ـی وڵاتی بێلژیک بەڕێوە چوو

11:40 - 1 سەرماوەز 2722

ڕۆژی شەممە ۲۸ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱ی هەتاوی، خۆپیشاندانێکی بەرین بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران و مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران و یەک لەوان جینایەتی خەزەڵوەری ۹۸، لە ژێر ناوی "دادخاهی ئابان" لە شاری "برووکسێلـ"ـی پایتەختی وڵاتی بێلژیک بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە لە نزیک پارلمانی ئورووپا دەستی پێکرد و هەتا بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە درێژەی هەبوو و سەرەڕای ساردبوونی هەوا، خەڵکێکی بێ‌ئەژمار بەشدارییان کرد و دەنگی خەڵکی کوردستان و ئێرانیان بە گوێی کۆمەڵگای بێلژیک گەیاند.

لەو خۆپیشاندانەدا چەندین کەسایەتیی سیاسیی بێلژیکی و ئێرانی یەک لەوان خاتوو "دەریا سەفایی" پارلمانتاری بە ڕەچەڵەک ئێرانیی پارلمانی بێلژیک بەشدار بوون.

ئەو خۆپیشاندانە، چوارەمین گەورە خۆپیشاندانی گەورەی کورد و ئێرانییەکانی دانیشتووی بێلژیکە کە لەلایەن کۆمیتەیەکی هاوبەشی پارت و لایەنە ئێرانییەکان بەڕێوە دەچێت و کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی بێلژیک دەوری کاریگەری لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیدا هەبووە.