کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا پیرۆزبایی یەکگرتنەوە دوو لایەنی کۆمەڵەی کردووە. لەو پەیامەدا هاتووە کە یەکگرتنەوەی کۆمەڵە یارمەتیدەرە بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد.
دەقی پەیامەکە:
بەڕێزان؛ کاک عەبدوڵڵا موهتەدی! کاک عومەر ئیلخانیزادە!
سڵاو و ڕێز!
ڕاگەیاندنی هەواڵی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی کۆمەڵە (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) ئەویش لەم بارودۆخە هەستیارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا پڕبایەخە. هاوکات ئەم یەکگرتنەوەیە، یارمەتیدەرە بۆ بەهێزترکردنی خەباتی ڕزگاریخوازی و دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پتەوکردنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد.
بەم بۆنەوە لەلایەن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و، سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەی یەکگرتوو دەکەم.
ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
مستەفا هیجری
٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١