کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی کوردانی دانیشتووی وڵاتی سویس بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران

11:55 - 1 سەرماوەز 2722

بەمەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتایبەتی کوردستان خۆپیشاندانێکی بەربڵاو لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.

 

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری "زوریخ" بە بەشداریی هەزاران کەسی کوردستانی، ئێرانی و سویسییەکان خۆپیشاندانێکی جەماوەریی گەورە بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتایبەتی کوردستان بەڕێوە چوو.

خۆپیشانداندەران بە ڕێپێوانێک بە ناو شاری زوریخ‌دا دەستییان بە خۆپیشاندان کرد و بە وتنەوەی دروشم بە زمانەکانی کوردی و ئاڵمانی و فارسی درێژەیان بە ڕێپێوانەکە دا؛ خۆپیشاندەران پاش یەک کاتژمێر ڕێپێوان، گەڕانەوە بۆ مەیدانی “هێلڤێتیا پلاتس” لە ناوەندی شاری زوریخ و لەوێدا کۆمەڵێک وتار پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لە سەرەتادا "زاهیر قادر حاجی" بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سویس وتارێکی پێشکەش کرد.

"قادر حاجی" لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی ئێستای شارەکانی کوردستان کرد و داوای لە هاووڵاتییانی کورد و ئێرانیی نیشتەجێی سویس کرد لە بەر ئەوەیکە ئێمە یەک دوژمنی هاوبەشمان هەیە ئەویش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، پێویستە بە یەکگرتووانە و وێڕای هەر جیاوازییەکی فیکری و سیاسی بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکەین .

خۆپیشاندانەکە دوای پێشکەشکردنی چەند وتار و کاری هونەری کۆتایی پێ هات.