کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە شاری "نۆرنبێرگـ"ـی وڵاتی ئاڵمان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەڕێوە چوو

14:10 - 1 سەرماوەز 2722

ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ١٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی، ئەندامان و لایەنگرانی دوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە و لە کۆمیتەی "نۆرنبێرگـ"ـی وڵاتی ئاڵمان لەگەڵ ناوەندی کولتوریی کورد و ئاڵمان و ڕێکخراوی خوێندکارانی ئێرانی لەو شارە دژ بە ڕێژیمی ئێران و بۆ پشتیوانی لە خەباتی سەرتاسەریی گەلانی ئێران خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان لەو شارە بەڕێوە برد.

کوردانی شاری "نۆرنبێرگ" بە ئاڵا و هێمای نەتەوایەتیی گەلی کورد بەشدارییان لەو خۆپیشاندانەدا کرد و ڕۆڵیکی بەرچاویان گێڕا.

پاش بەخێرهاتنی ئامادەبووان لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرییەوە، پەیامی کوردانی نۆرنبێرگ لەلایەن "پەروا دێهلەقی" ئەندام لە ڕێکخراوی جیهانیی کوردەوە پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی ئێرانییانی دانیشتووی نۆرنبێرگ لەلایەن "مائیدە سوڵتانی" ئەندام لە ڕێکخراوی خوێندکارانی نۆرنبێرگ بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرا.

دواتر "عارف تاشدلن" نوێنەری حیزبی  (SPD)و سکرتێری حیزبی (SPD)لە ئیالەتی "بایرن" لە پەیامێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ گەڵانی ئێران دەربڕی.

هەروەها "کۆدیا همرباکر" وتەبێژی لاوانی سەوز لە (حیزبی سەوز) بە پێشکەشکردنی وتارێک پاڵپشتیی خۆی بۆ خەڵکی ڕاپەڕێوی کوردستان و ئێران دەربڕی.

لە نێوئاخنی پێشکەشکردنی پەیامەکاندا سێ کورتە شانۆ لەژێر ناوی: "پێکەوەبوو"، "سووتانی پەپوولە"، "خواوەندی نوور" لەلایەن لاوانی دێموکراتەوە پێشکەش کران و  دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، "جمهوری اسلامی نمی‌خوایم"، "جمهوری اسلامی نابود باید گردد"، "این آخرین پیامه، هدف کل نظامە"، "کوردستان کوردستان، گورستان فاشیستانـ"ـیان وتەوە.