کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە وڵاتی ئوتریش بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو

00:30 - 2 سەرماوەز 2722

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ٢٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی، خۆپیشاندانێک دژی پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر شاری مهاباد و بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە خەڵکی ئەو شارە و شەرمەزارکردنی ئەو هێرشە لە بەر دەرکی باڵەخانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها بەشێک لە ئێرانییانی دانیشتوو لە شاری "ڤییەنـ"ـی وڵاتی ئۆتریش بەڕێوە چوو.
 
سەرەتا دوکتور "حەسەن نایب هاشم" وەک ڕێکخەری خۆپیشاندانەکە بە ناوی "پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ئێراندا" کە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لەو شوێنە بەردەوامە بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و بەکورتی لەسەر هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر شاری مەهاباد و پێویستیی پاڵپشتی لە خەڵکی ئەو شارە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

 پاشان  دوکتور "خوسرەو بەهرامی"، "حوسەین خاڵخاڵ"، "وەهاب" و "محەممەد" بە پێشکەشکردنی وتار لەسەر هێرشی دڕندانەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر شارەکانی کوردستان بە تایبەت شاری مەهاباد و بەربەرەکانێی قارەمانانەی خەڵکی کوردستان دژ بە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، جیاوازیی هەڵسوکەوتی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کوردستان و لە بەشەکانی ناوەندی ئێران، کەڵکوەرگرتن لە هەموو چەشنە چەکێک بۆ سەرکوتکردنی خەڵک لە کوردستان و هەروەها سەردانی "ئیسماعیل قائانی" فەرماندەی تێرۆریستی سپای قودسی ڕێژیم لە عێراق و باس لەگەڵ دەوڵەتی عێراق سەبارەت بە ئەحزابی کوردستانی ئێران و پەلامار بۆ سەر حیزبە کوردستانییەکان، بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی کوردستان لە شۆڕشدا بە پێچەوانەی بەشی ناوەند کە زیاتر لە خوێندکاران و قوتابییان پیکدێت، پێویستیی بەشداریی زیاتری خەڵک لە ناوەند و پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان، هێنانە بەر باسی جیاوازیخوازی لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ تێکدانی یەکڕیزیی نێوان گەلانی ئێران و چەندان فڕ و فێڵی تری کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو مەبەستە وتاریان پێشکەش کرد .

لەو خۆپیشاندانەدا بە دەیان دروشم دژی کۆماری  ئیسلامیی ئێران دووپات کرایەوە.

 خۆپیشاندانی بەر دەرکی باڵەخانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو ڕۆژێ لە کاتژمێر ٤ بۆ ٦ی ئێوارە بەڕێوە دەچێت.

 ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە زۆرتر لە بواری مافی مرۆڤدا کار دەکەن و ئامانجیان ئەوەیە کە گوشار بخەنە سەر ڕێکخراوی مافی مروڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوەی تایبەت لەسەر ئێران و پێکهێنانی هەیئەتێکی لێکۆڵەر لەسەر جینایەتەکانی ڕێژیم و هەروەها بەردەوامیی خۆپیشاندانەکە تا ئەو کاتەیە کە خەڵک لە ئێران لە شەقامدایە، بۆیە ئێمەیش داوا لە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ئوتریش بەتایبەت ئەندامانی حیزب دەکەین کە لە خۆپیشاندانەکاندا بەپێی کاتی دیاریکراو بەشدار بن.