برایم جەهانگیری
ئەوەی ئێستا لە ئێران و لە کوردستانیش بە تایبەتی دەگوزەرێ ڕاپەڕینێکە کە لە شێوە و لە ڕوخساردا لەگەڵ زۆربەی ڕاپەڕینەکانی پێشە خۆی جودایە. ئەگەر سەیری شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی جیهان بکەین، یان ڕاپەڕێن و شۆڕشی جەماوەریی خەڵکی ئێران لە دژی حکوومەتی پاشایەتی وەبیر خۆمان بێنینەوە، دەبینین سەرەڕای هەندێ وێکچوون، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ ئەو ڕاپەڕینەی ئێستا هەیە کە لەسەرانسەری ئێراندا ڕۆژێک خاو و ڕۆژێک ڕژد بەردەوامە.
شۆڕشی ژینا وێکچوونێکی زۆری دەگەڵ شۆڕشی ڕۆمانی دژی چاوشێسکۆ و حیزبی کۆمۆنیستی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە هەیە کە زیاتر لە ٤٠ ساڵ وەک دۆڵپا لینگی بەسەر ملی خەڵکی ڕۆمانیدا شۆڕ کردبۆوە. لە ڕۆمانی چەخماغەی شۆڕشی دژی دیکتاتۆری لە شارێکی بچووکی سەر سنوور بە ناوی "تیمیشوارا" لێ درا ، ئەو شارە پێشتریش چەندین خۆپێشاندانی بچووکی دیکەی بە خۆیەوە دیبوو کە هەموو جارێ بەخێرایی سەرکوت دەکرا. لە حاڵێکدا لە ۱۷ دیسامبری سال ۱۹۸۹ چاوشیسکۆ سەرۆکی ڕۆمانی لە ئێران و لەسەر گۆڕی خومەینی خەریکی دانانی دەستەگوڵ بوو، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕۆمانی لە شاری "تیمیشوارا" هەر ئەو شارە بچووکەی سەر سنوور جارێکی دیکە تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد و زیاتر لە ٥٠ کەسیان کوشت و نزیک ١٠٠ کەسیشیان بریندار کرد، لەو حاڵە دا نیکۆلای چاوشێسکۆ کاتێ لە تاران گەڕایەوە ڕێک وەک خامنەیی و ڕەئیسی خۆپێشاندەران و خەڵکی ناڕازیی وڵاتی بە بەکرێگیراو و فریوخواردووی بێگانە لەقەڵەم دا.
ڕۆژی ٢١ سیپتامبر تەنیا ٤ ڕۆژ دوای کوشتاری "تیمیشوارا" نیکۆلای چاوشێسکۆ لە بەرامبەر ١١٠ هەزار کەس لە مەیدانی ناوەندی بۆخارێست پێتەختی ڕۆمانی قسەی بۆ خەڵک دەکرد کە چی لەپڕ لەگەڵ دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر ڕووبەڕوو بۆوە، چاوشێسکۆ لەو ڕووداوە بەتەواوی شۆک ببوو، چەند ڕۆژ دواتر خەڵک هێرش بۆ سەر کۆشکی سەرۆککۆماریان دەست پێ کرد و چاوشیسکۆ بە هێلیکۆپتێر هەڵات و سوپای ڕۆمانییش کە تازە هەواڵی کوشتنی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەیان بە تاوانی خەیانەت لەلایەن چاوشیسکۆوە بییستبوو، بێئەوەی بەرگرییەکی ئەوتۆ بکەن کاردانەوەیان زیاتر هاوهەڵوێستی و هاوڕایی لەگەڵ خەڵک بوو. ئیتر هەر ئەوە بوو کە دوایی سپا چاوشێسکۆی گرت و خۆی و خێزانی لە ڕۆژی ٢٤ی دێسامبر، یانی ٣ ڕۆژ دوای دوایین وتاری سەرۆککۆمار، لە داگایەکی سەربازیدا مەحاکەمە و هەر هەمان ڕۆژیش گولـلەباران کران و بەمجۆرە کۆتایی بە حکوومەتی ٤٢ ساڵەی یەکێک لە دڕندەترین دیکتاتۆرەکانی جیهان لە ئورووپا هات.
شۆڕشی ڕۆمانی بەرهەمی چەند مانگ شۆڕش و ناڕەزایەتی و سەرکوتی بێڕەحمانەی ناڕازیان لەلایەن حکوومەتی نیکۆلای چاوشێسکۆوە بوو کە وەک دوایین ڕێژیمی کۆمۆنیستی بە ئەندامی هاوپەیمانی وەرشەو دادەنرا. ئەو شۆڕشە لە شێوەی ڕەفتاری حکوومەتییەوە لەگەڵ خەڵک ڕاست هەمان هەڵسوکەوتی هەبوو کە ڕێژیمی تاران لە دژی ناڕازییان و خۆپێشاندەران وگەلانی ڕاپەڕیوی ئێران هەیەتی و، قسە و لێدوانی بەرپرسانی باڵا، خامنەیی و ڕەئیسی هەمان قسە ولێدوانی دیکتاتۆرەکەی ڕۆمانیمان بیر دەخەنەوە کە هەرگیز گوێی لە دەنگی خەڵکی ناڕازی نەگرت و ئەوانی تەنیا بە دەسکیسیی دوژمنان و دەستی دەرەکی ئەژمار کرد. ئیستاش هەمان شتە، ڕێبەرانی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکەی تاران هەر دێنە قسە ئەو ڕاپەڕینە بە گرێدراوی بێگانە و ڕۆژاوا لەقەڵەم دەدەن و لە باری هەڵسوکەوتیش ڕێک هەمان هەڵسوکەوتی دەسەڵاتبەدەستانی ڕۆمانییان لەگەڵ خەڵک هەیە.
ئەوانە ئەو وێکچوونانەن کە لەنێوان دوو حکوومەتی دیکتاتۆریی چاوشێسکۆی ڕۆمانیی ٤٢ ساڵ لەمەوبەر و دیکتاتۆرەکەی ئێستای جەماران هەیە و ئەو وێکچوونەیە کە لە نێوان شاری سەقزی چەخماغەی شۆڕشی ژینا و شاری "تیمیشوارا"ی ڕۆمانی، مەڵبەندی یەکەم سەرهەڵدانی دژی دیکتاتۆری ڕۆمانیدا هەیە. بەڵام جیاوازی لە جۆری سەرهەڵدانەکان و بەگ داهاتنەوەی دیکتاتۆرییش جێگای سەرنجن.
جیاوازیی ڕاپەڕینی ئێستای گەلانی ئێران کە لە کوردستان و لە شاری سەقزەوە چەخماغەکەی لێ درا لەگەڵ نەک ڕۆمانی، بەڵکوو لەگەڵ زۆربەی ڕاپەڕینەکانی پێش خۆی لەوەدایە کە ئەم ڕاپەڕینە بە پێچەوانەی ئەوانی پێش خۆی و بەپێچەوانەی ئەوەی ڕۆمانییش بەپێی بەرنامەی هیچ ڕێکخستنێکی نێوخۆیی دەستیان پێ نەکردووە و زیاتر خەڵک و بێزاریی خەڵک وای کرد کە وەک هەموو جارانی پێشتر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو ڕێژیمە بڕژێنە سەر شەقام. بەلام ئەو جارە چون ناڕەزایەتی لە ناخی خەڵکدا ئیتر پەنگی خواردبۆوە، تاران بە هانای سەقزەوە هات و لەوێڕا گەورە بۆوە و سەرتاسەری ئێرانی تەنی.
ئەوەی جێگەی نیگەرانی و لێ وردبوونەوەیە، نەبوونی ڕێکخستنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە تا ئێستا بە شێوەیەکی ڕوون و دیار بەڕێوەبەر و ڕێنوێنی خۆپێشاندانی سەرتاسەری ناکا، نە وەک سەردەمی شا کە خومەینی وەک ڕێبەرێکی کاریزما فەرمانی دەردەکرد و هەموو حیزبەکان پشتیوانیی ئەو فەرمانەیان دەکرد و خەڵکیان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری و خۆپێشاندانی جەماوەری هان دەدا، نە وەک شۆڕشی ڕۆمانی کە خاوەنی "بەرەی ڕزگاریی نیشتمانی" بوو و بەئاشکرا بەیاننامەیان دەردەکرد و دژایەتییان لەگەڵ چاوشێسکۆ وەک دیکتاتۆر دەردەبڕی و خاوەن ڕێکخستن بوون. ئەوە کەمایەسییەکی گەورەیە بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینی گەلان، ئەگەرچی تا ئێرە خەڵک کورتی نەهێناوە و هاوکات لەگەڵ سەرکوت و کوشتاری بێڕەحمانەی ڕێژیم لە نێوخۆ خەڵک و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەر کەسە و لە سووچێکەوە چاکیان ئەو ڕاپەڕینە هیدایەت کردووە و بەپێی هەلومەرج و ڕۆژ و حەوتوو تاکتیکەکان دەگۆڕن ونەیانهێشتووە ئەو ڕاپەڕینە دامرکێتەوە.
وەک باس کرا لە سەرانسەری ئێراندا ئەو ڕێکخستنە بوونی نییە، بەڵام بەخۆشییەوە لە کوردستان دەتوانین بڵێین کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەو کەلێنەیان پڕ کردۆتەوە، بەکردەوە بوونە نوختە ئومێدێک لە دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا. هەر بۆیە بە درێژەکێشانی ئەو ڕاپەڕینە پێشبینی دەکڕێ لە ئایندەدا ئەو ڕاپەڕێنە لە سەرانسەری ئێراندا لەو ئاستەدا نەمێنی و زیاتر بتەنێتەوە و گەورەتر و هەراوتر ببێتەوە.
ئایا ئەو خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەی ئێستا لە ئێران لە ئارادایە دەگاتە خۆپێشاندانی جەماوەریی بەرفراوان یان هەر لەو ئاستەدا دەمێنێتەوە؟ دیارە ئەو شێوە خۆپێشاندانە نوێیە و داهێنەرانەی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی و خەڵکی ئێران بە گشتی تا ئێستا سەرکەوتوو بووە و ڕێژیمی لە هەموو بوارێکەوە بێ دەسەڵات و دەستەوەستان کردووە. لە هەمان کاتدا پێشبینیی ئەوە دەکرێ درێژەی ئەو ڕاپەڕینە کە لە زۆربەی شارەکان وەک شەڕێکی پارتیزانی خەڵک و حکوومەتی لێ هاتووە، سەرئەنجام وا دەکا تا دیواری ترسی خەڵک لەو نیزامە بە یەکجاری هەرەس بێنێ و ئەو شەڕەی لە کۆلان و گەڕەکی شارەکان لە ئارادایە، ببێتە هۆی هەرەسهێنانی باوەڕی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و؛ خەڵک بە لێشاو بڕژێنە سەر شەقام و کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕێژیمێک بێنن کە زیاتر لە ٤٠ ساڵ ئازادیی لێ زەوت کردوون و جگە لە کوشت و کوشتار و گرتن و ڕاوەدوونان و ئەشکەنجە و زیندان چی دیکەی بۆ خەڵکی بەبارمتەگراوی ئێران پێ نەبووە.