
ڕێژیمی ئێران کە لە قەیرانی وزەدا گیری خواردووە، بۆ قەرەبووکردنەوەی نەبوونی گازی سروشتی دەستی کردووە بە سووتاندنی گازۆئیل.
ئێران کە یەکێک لە وڵاتانی پلە یەک لە بواری گازی سروشتییە، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی سزا ئابوورییەکانەوە ڕووبەڕووی کێشەیەکی جیددی لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کەرتی پیشەسازی، ئیداری و ناوخۆ بووەتەوە و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کێشەیە ڕووی لە سووتاندنی سووتەمەنی گازۆئیل کردووە.
بەپێی هەواڵەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی سووتەمەنی ماڵان و پیشەسازی لە تاران، ڕوویان لە سووتاندنی سووتەمەنیی گازۆئیل کردووە.
سووتاندنی سووتەمەنیی مازووت کاتێک ڕوو دەدات کە گازی سروشتی کەم بێت و وەک چارەسەرێک بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی وزە لە وێستگەکانی کارەبای گەرمیدا بەکار دەهێنرێت، هۆکارێکی دیکەی بەکارهێنانی گازی سووتەمەنی، کەمیی نرخەکەیەتی و گەرمیەکەشی زۆرە.
هەرچەندە ئەم جۆرە سووتەمەنییە سوودی ئابووری هەیە، بەڵام زیانی ژینگەیی و تەندروستی لێ دەکەوێتەوە و لەڕێگەی پیسبوونی هەوا دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ڕووبەڕووی چەندین کێشە و قەیرانی سیاسی و ئابووری و نەبوونی ڕەوایی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بووەتەوە، لە جیاتی بیرکردنەوەی لۆژیکی و لە ڕووی پرەنسیپەوە، ڕوو لە میتۆدگەلێک دەکات کە نەک هەر کێشەکان چارەسەر ناکەن، بەڵکوو چەند هێندە و ئاڵۆزتریان دەکات.