کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی خامنەیی: ئەگەر پێویست بکات دووبارە مووشەکەکانمان بەکار دێنین

11:39 - 29 رەزبەر 2725

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەمین لێدوانی لە پێش چاوی خەڵک دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، بە ئاماژەدان بەو شەڕە و هاویشتنی سەدان مووشەک بەرەو ئیسرائیل، هەڕەشەی دووبارەی لەو وڵاتە کرد و وتی: "هێشتا مووشەکمان ماوە و ئەگەر پێویست بکات بەکاری دێنین".

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەر، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو لێدوانەیدا ئیددیعای ئەوەی کردووە کە لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕە نەبوو کە مووشەکەکانمان قوڵایی خاکی ئیسرائیل و ناوەندە هەستیار و گرنگەکانی بکاتە ئامانج و بیانکەینە خۆڵەمێش.

ئەو قسانەی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدایە کە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە دوای تێپەڕبوونی هەشت ڕۆژ دوای ئاگربەست ڕایگەیاند لە ڕەوتی ئەو شەڕەدا ڕێژیمی ئێران ٥٥٠ مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هاویشتووە کە ٨٦ لەسەدیان بە سەرکەوتووییەوە لەنێو براون.

لەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلدا هاتبوو کە لەو هێرشانەی ڕێژیمی ئێراندا لە کۆی ٥٥٠ مووشەک تەنیا ٣١ مووشەکیان ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە و زیانیان هەبووە.

خامنەیی لەو لێدوانەیدا بە قسەی زبر هێرشی کردە سەر دۆناڵد ترامپ و سەرۆککۆماری ئەمریکای بە کەسێکی "دەمدەمی" لە قەڵەم دا و لە دژکردەوە بە لێدوانی حەفتەی ڕابردووی ترامپ لە ئیسرائیل وتی: "ترامپ لە ڕێگەی مشتێک لێدوانی پڕوپووچ و ساویلکانە هەوڵی دا سەهیۆنیستە هیوابڕاوەکان هیوادار بکات و ورەیان بەرز بکاتەوە".

دۆناڵد ترامپ لە لێدوانی حەفتەی ڕابردوویدا لە ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەگەر ڕێژیمی ئێران لە نۆژەنکردنەوەی بنکە ناوکییەکانی بەردەوام بێت، دووبارە هێرش دەکەینە سەری.

هەروەها سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو: "خامنەییمان لە مردنێکی شەرمەزارانە لە دەست ئیسرائیل ڕزگار کرد".