کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێشەرمیی شەمخانی سەبارەت بە کاردانەوەکان بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی زەماوەندی کچەکەی

15:59 - 29 رەزبەر 2725

عەلی شەمخانی لە یەکەم کاردانەوەیدا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی زەماوەندی لوکسی کچەکەی بە بێشەرمی خەڵکی ئێرانی بە "حەرامزادە" ناو برد.

بەرپرسی پێشووی شۆرای ئەمنییەتی ڕێژیم لە کاردانەوە بە قسە و باسەکان سەبارەت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکە وتی: "وڵامی من بە قسە و باسەکانی ئەم دواییانە هەمان وڵامی پێشووە، حەرامزادەکان من ئێستاش زیندووم."

ئەم قسەیە کە لە ئێکاوەنتی تایبەتی ناوبراو لە ماڵپەری کۆمەڵایەتیی ئێکس بە زمانی عیبری بڵاو کراوەتەوە، شەپۆلێکی نوێ لە ڕقی گشتیی بەنیسبەت ناتەباییە ئاشکراکان لە کردار و وتاری کاربەدەستانی ڕێژیمی هەلگیرساندووە.

سووکایەتیکردنەکانی شەمخانی لەکاتێکدا وتراوە کە سیاسەتە توندەکانی ڕێژیم سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێ، ژیانی میلیۆنان ژن لە ئێرانی لەگەڵ سەرکوت و گرتن و بێبەریکردن بەرەوڕوو کردووەتەوە.

لەحاڵێکدا کە کچانی خەڵک لە شەقامەکان لەبەر چەند تاڵەقژێک دەسبەسەر دەکرێن، کچی یەکێک لە کاربەدەستە پایەبەرزە ئەمنییەکانی رێژیم، لە یەکێک لە لوکسترین هۆڵەکانی تاران بە بێ حیجاب و بە مۆسیقاوە ڕێوڕەسمی گواستنەوەکەی بەڕێوە برد.

لە هەمان کاتدا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە گەرمەی قەیرانی ئابووری و هەژاریی بەربڵاو، ڕەخنەگەلێکی توندی بە نیسبەت ژیانی شاهانە و گرینگینەدانی بەرپرسان بە دۆخی خەڵک هەڵگیرساندووە.

ئێستا بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ نوێیەکان و کاردانەوە بێشەرمانەکەی شەمخانی، مەودای نێوان خەڵک و ڕێژیم زۆرتر ڕوون بووەتەوە.

زۆربەی بەکارهێنەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکانی مەدەنی ئەم ڕووداوەیان بە نیشانەی ئاشکرای ساختەکاریی ساختاری لە ڕێژیم زانیوە، ڕێژیمێک کە لە لایەکەوە بە زۆرەملێ حیجابی بەسەر ژناندا سەپاندووە و لەلایەکی دیکەشەوە لە چەقی دەسەڵات و دەوڵەمەندیدا لە هەمان شت کە بۆ خەڵکی بە گوناح دەزانێ بەهرەمەند دەبێت.

ئەم ناسازگارییە قووڵە نەک تەنیا قەیرانی ڕەوایی ڕێژیم زۆرتر دەکات، بەڵکوو نیشاندەری ئەوەیە کە حیجاب پێش ئەوەی بابەتێکی ئایینی بێت، کەرەستەیەکە بۆ کۆنترۆڵی گشتی و سەرکوتکردنی ژنانە.