کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوەدانکردنەوەی گوماناویی سایتی ''تاڵەقانی ٢ ''دوای هێرشی ئیسرائیل

16:13 - 29 رەزبەر 2725

وێنە نوێیە ماهوارەییەکان دەریدەخەن کە ڕێژیمی ئێران دەستی بە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی بەرفراوان لە سایتی وێرانکراوی ''تاڵەقانی ٢ '' کردووە کە لە ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ بە هێرشی ئیسرائیل کرابووە ئامانج.

بەپێی ئاماری دامەزراوەی ''زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی''، لە ناوەڕاستی مانگی مەی ٢٠٢٥ـەوە چەندین پێکهاتەی گەورەی شێوە کەوانەیی لەسەر بناغەی نوێ لەم شوێنەدا دروست کراون و دانانیان بەجۆرێکە کە دەتوانن وەک "بونکێر" یان تەڵەی تەقینەوە بۆ کەمکردنەوەی شەپۆلی هێرشەکان کار بکەن.

هەرچەندە هێشتا بەڵگەی ڕاستەوخۆی چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی چەکی ناوکی نییە، بەڵام نۆژەنکردنەوەی یەکێک لەو شوێنانەی کە پەیوەندیدار بە بەرنامەی ''ئاماد''ـە کە تاقیکردنەوەی تەقەمەنی و بەرهەمهێنانی تەقەمەنی لەخۆ دەگرێت، جارێکی دیکە نیگەرانیی نێودەوڵەتیی لێ کەوتووەتەوە.

کارناسان دەڵێن پێدەچێت ئامانجی نۆژەنکردنەوەکان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی تاقیکردنەوەی تەقینەوە یان بەرهەمهێنانی کەرەستەی وزەی بەرز بێت. ئەم پرۆژەیە دەتوانێت نیشانەی بەردەوامیی سیاسەتە ناوکییە نهێنییەکان بێت، چونکە ڕێژیمی ئێران ڕەتی دەکاتەوە ڕوونکاریی لەبارەی چالاکییە گوماناوییەکانیەوە بێتە ئاراوە.