کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی ئابووری و چاوەڕوانیی شەڕ

10:19 - 29 رەزبەر 2725

سامان فەقێ‌نەبی

شۆڕای یەکیەتیی ئۆرووپا ڕۆژی هەینی ٢٥ـی ڕەزبەر، ڕایگەیاند کە ١٠ وڵاتی ئۆرووپایی کە لە یەکیەتیی ئۆرووپادا ئەندام نین، هاوتەریب لەگەڵ ئەو یەکیەتییە، بڕیاری گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان دژ بە ئێرانیان داوە.

دۆمینۆی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکە دەگاتە جێگای مەترسیدار و قەیرانگەلێکی مەترسیداری تووشی ئابووریی لەرزۆکی ئێران کردوە.

دیمەنی هەنووکەیی ئێران، بریتییە لە وڵاتێکی قەیراناوی کە بەهۆی سیاسەتی ناکارامە و دوژمنکارانەی ڕێژیم بەرامبەر دنیای دەرەوە، ئیمکانی تێپەڕین و دەربازبوون لێی زۆر ئاستەمە؛ بەهای تمەن بەردەوام ڕووی لە دابەزینە و زۆربەی کۆمپانیاکانی وڵات تووشی ئیفلاس هاتوون، هەڵاتنی سەرمایە بۆ دەرەوەی وڵات بۆتە نۆرمێکی باو و قەیرانی وزە کەرتی پێشەسازی بەرەو فەوتان بردوە و هەروەها بە بۆردومانی بنکە ئەتۆمییەکانی ڕێژیم لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە، پتر لە دوو تریلیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانی وڵات بەفیڕۆ ڕۆیشتوە و ئەمەش بۆتە هۆکاری تووڕەیی جەماوەریی لە هەمبەر پلان و ستراتیژییە سەقەت و بێسوودەکانی کۆماری ئیسلامی.

ئابووریی نیوەگیانی ئێران بەپێی بڕیارنامەی گەشەپێدانی بیست ساڵە، قەرار وا بوو ساڵانە ٨ لەسەد گەشە بکا، کەچی نێونجی گەشەی ساڵانە ١ لەسەد بووە و تەنانەت لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵ چۆتە ژێر سیفرەوە.

ئێستاکە پرسیاری ڕۆژانەی خەڵک لە بازار و سەرشەقام ئەوەیە کە، هەتا کەی دەبێ چاوەڕێ بن کە دەرکەوێ و ڕوون بێتەوە کە ئەو بارودۆخە بەرەو کوێ دەڕوات؛ حاشاهەڵنەگرە کە بێکاری و داهاتی کەم لەپەنا گرانی و هەڵاوسان، تەنگی بە زۆربەی خەڵکی ئێران هەڵچنیوە و زۆرینەی کۆمەڵگە لەسەر ئەو باوەڕەن کە شەڕێکی چاوەڕوانکراوی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکایە کە کۆتایی بەو بارودۆخە دەهێنێت.

ڕێژیمێک کە دەرگای هەر چەشنە ڕیفۆرمێکی گرتبێ و وەڵامی ویست و داخوازییەکانی جەماوەری وەزاڵەهاتووی لەسەر شەقامەکان بە سەرکوت و گولـلە دابێتەوە، دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بێ کە خەڵک ئەمجارە هێزی دەرەکی بە فریادڕەس و ناجی ببینن و تەنانەت بە دووانەی وێرانی و ڕزگاریش کە بەرهەمی شەرە، ڕازی بن.

خەڵکی وڵات بەو ئاکامە گەیشتوون کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەلومەرجی ئێستادا لە بنبەستدا گیری خواردوە و توانای بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی ئەو دۆخە هەڵواستراوەی نییە؛ یەکگوتاری لەنێو کاربەدەستانی ڕێژیمدا بەدی ناکرێ و بەسەر دوو ڕەوتی جیاوازدا دابەش بوون. ڕەوتێک لە دروشمدا هەر کای کۆن بەبا دەکا و ئێستاش لە بازنەی خەونی دروستکردنی چەکی ناوکیدا دەخولێتەوە و ڕەوتێکیش لەسەر پێویستیی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا بۆ مانەوەی ڕێژیم پێداگری دەکا و هاوکات هەر دوو لایەنیش یەکتر بە خائین و گەمژە تۆمەتبار دەکەن.

خەڵکی ئێرانیش بەناچاری وەک بارمتەیەک سەیری داڕمانی ئابووری و ئەو ململانێ ‌بێئاکامەی ڕەوتەکانی ڕێژیم دەکەن و ئەگەری شەڕی چاوەڕوانکراوی داهاتووش هەم وەک ئۆمێد و هەمیش وەک بەڵا، تەنیا ڕۆچنەیەکە کە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە هیوایان لەسەر هەڵچنیوە.

لە ڕاستیدا بنبەستی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران لەوە تێپەڕیوە کە لە ڕێگای هێندێک چاکسازی ڕواڵەتی و ڕووکەشییانە، وەک چاوپۆشی لە مەسەلەی حیجاب، پەردەپۆش بکرێ؛ گەڕانەوەی گەمارۆکان، قەیرانە لەسەریەکەکان‌ لە بوارەکانی وزە، ئاو، ژینگە و کارەبا و بێمتمانەیی جەماوەر بە کۆی سیستمی دەسەڵات، وایکردوە کە شەڕیش، واتاکەی لە بەڵا و ما‌ڵوێرانییەوە بگۆڕدرێ بە هیوا و دەلاقەیەک بۆ دەربازبوون لە بێدەرەتانی و چارەڕەشی.