کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێکی گەورەی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئێران لە وڵاتی ئۆسترالیا

11:01 - 12 خەزەڵوەر 2722

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە سەدان کەس لە دانیشتووانی ئێرانی و کوردستانیی وڵاتی ئۆسترالیا بۆ پشتیوانیی لە شۆڕشە مەزنەکەی خەڵکی ئێران لە نێوەڕاستی شاری" فۆریست پلەیس" کۆ بوونەوە.

لەو خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەدا کە سەدان کەس تێدا بەشدار بوون و کۆمەڵێکیش بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیانەوە هاتبوون و بەڕێوەبەرانیش بە جلی کوردییەوە، بەرنامەکەیان بەڕێوە برد.

 چەندین سروودی شۆڕشگێڕی و حەماسیی کوردی، لوڕی و فارسی خرانە سەر و هەروەها چەندین دروشم، وەک ژن، ژیان، ئازادی، مەرگ بۆ خامنەیی، بڕووخێ کۆماری ئیسلامی و چەندین دروشمی دیکە وترانەوە. چەند کەسیش بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیسی قسەیان کرد.

مەسعود سەمەدی، ئەندامی کۆمیتەی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە زمانی فارسی وتەیەکی پێشکەش کرد کە تێیدا هاتبوو کە "شۆڕشی ئەمجارە، ئەزموونی لە شۆڕشێک وەرگرتووە کە ٤٣ ساڵ پێش بەهۆی نەبوونی تێگەیشتنی قووڵ لە پێکهێنانی یەکیەتی و هاوپشتی، لە لایەک و هەروەها کەڵکاژۆ وەرگرتنی کۆمەڵێک، لە هەستی ئایینی خەڵک، کە هیچ بۆنێکیان لە کەرامەتی مرۆیی نەبردبوو، شۆڕشەکەیان بە با دا". " ئەم شۆڕشە، کە بە ناوی ژیناوە، ناوی دەرکردووە، شۆڕشی ژنە، شۆڕشی وشیاریە، شۆڕشی یەکیەتی و لە یەک وشەدا، شۆڕشی ئازادیە".

هەروەها لە بەشێکی دیکەدا، چەند داواکاریەکی خستە بەردەم خەڵک و حکوومەتی ئوسترالیا، وەک" دەرکردنی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی و داخستنی باڵوێزخانەکە و هەروەها، بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران.

لە بەشێکی دیکەی خۆپێشاندانەکەدا "مریدێت هامێت"، ئەندام پارلەمانی ئەیالەتی ڕۆژاوای ئوسترالیا، چەند وتەیەکی لە پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەربڕی و وتی" ئێوە بە پشتگرتنی خەڵکی ناوخۆی ئێران، لە سەرتاسەری دونیا، هاوپێوەندیەکی باشتان پێک هێناوە و ئێمەش پشتیوانتانین بۆ ئەم گۆڕانەی کە لە وڵاتەکەتاندا ئەتانەوێت بیکەن".

شایانی باسە کە خانمێکی ئێرانی وەک هێمایەک بۆ دژایەتیی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران، پاسپۆرتەکەی خۆی دڕی.