کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە پێش ناوەندی ئیسلامیی ئیمام عەلی لە شاری ڤییەن بەڕێوە چوو

11:13 - 12 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ بۆ دەربڕێنی پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەکان لە ئێران و کوردستان و هەروەها دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە هێرشی بێڕەحمانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خۆپێشاندەران و کوشتاری خۆپیشاندەران ، سەدان کەس لە هاووڵاتیانی ئوتریشی و ئێرانی و کوردستانی لە پێش ناوەندی ئیسلامیی ئیمام عەلی کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرپەرستی دەکرێت ، لە شاری ڤییەن خۆپێشاندانێکیان ڕێک خست.

 لە خۆپیشاندانەکەدا بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزبەوە بەشداریان کرد.

لە گردبوونەوەکەدا چەند هاووڵاتییەکی ئۆتریشی وتاریان سەبارەت بە شۆڕشی خەڵکی ئێران ، خۆپیشاندانەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی و هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خۆپیشاندەران و کوشتاری بێڕەحمانەی خەڵک لە لایەن هێزە نیزامیەکانی سەر بە دەزگای سەرکوتی ڕژیم، هەروەها گرتن و زیندانیکردنی ناڕازیان و ئەشکەنجەی زیندانییان پێشکەش کرد . لە وتارەکانیاندا ئەو هاووڵاتە ئۆتریشیانە سەرەڕای ڕەخنە لە بەردەوام بوونی پێوەندیی دیپلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی ئۆتریش لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئێران ، خوازیاری پچڕانی پێوەندیە دیپلۆماسی و بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران ، لێکۆڵینەوە لە سەر مامەڵەی شرکەتە بازرگانییەکانی ئۆتریشی لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران،  داخستنی باڵوێزخانە و ناوەندە سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئۆتریش ،  گەڕاندنەوەی باڵوێزی ئۆتریش لە تاران و پچڕانی پێوەندیی دیپلۆماتیک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و لە کۆتاییدا دانی مافی نیشتەجێ بوون بە هاووڵاتییانی ئێرانی و دەستهەڵگرتنی ناوەندە ئیدارییەکانی نیشتەجێ کردن لە وڵاتی ئۆتریش  لە ناردنی ئێرانییانی خوازیاری نیشتەجێ بوون بە زۆرەملێ بۆ پێوەندی کردن بە باڵوێزخانەی کۆماری ئێسلامیەوە، لە خۆپیشاندانەکەدا،  هەروەها دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران چەند دروشمێک دران و خۆپیشاندانەکە دوای دوو کاتژمێر کۆتایی پێ هات.