کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک لەسەر شۆڕشی ژینا لە فینلاند

14:12 - 4 سەرماوەز 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز سمینارێک لە ژێر ناوی " ڕاپەڕینی ئێران بە چ هۆیەک" لەلایەن سۆسیال دێموکراتەکانی شاری "تورکوو"ی فینلاند بەڕێوە چوو.

لەو سمینارەدا کە بە بەشداریی ژمارەیەک لە خەڵکی  فینلاند و کوردانی دانیشتووی تورکوو بەڕێوە چوو سەرەتا لە لایەن بەڕێز "میکا ماسکۆلا" سەرۆکی سۆسیال دێموکراتەکانی هەرێمی تورکوو کرایەوە و بە کورتی وێڕای باسی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە کورتەباسێکی لەسەر  ڕاپەڕینی نەتەوەکانی ئێرانی پێشکەش کرد. 

دواتر وتارێک لەلایەن جەلال فاتمی جێگری پێوەندییەکانی نێونەتەوەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند پێشکەش کرا. 

فاتمی لە وتاری خۆیدا وێڕای ئاماژە بە شۆڕشی ژینا، کورتەباسێکی لەسەر ویست و داخوازەکانی خەڵکی کوردستان و خەباتی گەلی کورد لەپێناو دێموکراسی و دیاریکردنی مافی نەتەوایەتی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکرات و فێدراڵدا پێشکەش کرد.

بەشی دیکەی سێمینارەکە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی وتارێکی زانستی لەمەڕ هۆیەکانی شۆڕشی ژینا لەلایەن دوکتور "مەجید حەقیـ"ـیەوە. 

ناوبراو لە وتاری خۆیدا سەرەتا ڕۆژژمێری سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ژینای هێنایە بەرباس و دوایە بە وردی لە سەر ئاپارتایدی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی نەتەوە بندەستەکان و ژنانی هێنایە بەر باس و بە شیکردنەوەی ماددەکانی یاسای بنەڕەتیی ئێران و فتواکانی خومەینی و خامنەیی هۆیە مێژوویی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و نێونەتەوەییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی شی کردەوە.

ناوبراو لە بەشی کۆتایی وتارەکەیدا لەو بڕوایەدا بوو کە "ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەبێتە کۆتایی تێرۆریزم و ئیسلامی سیاسی لە چەشنی ڕێژێمی ئێران." و "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەوانەیە لە جیهان یەکەم شۆڕشی فێمینیستی و ژنانەیە کە ئامانجەکەی وەدیهێنانی یەکسانی، ژیانێکی شکۆمەندانە و ئازادی و ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤە." و "کۆماری ئیسلامی نە تەنیا مەترسییە لەسەر نەتەوەکانی ئێران بەڵکوو بەهۆی پشتیوانی چالاکانەی ئەو ڕێژێمە لە شەڕی ڕووسیه دژی ئۆکراین و فرۆشی درۆنەکان هەڕەشەیەکی جیددییە دژی یەکیەتیی ئورووپاش". 

دوای قسەکانی ناوبراو بەشداران بە پرسیار و سەرنجەکانی خۆیان ناوەرۆکی بەرنامەکەیان دەوڵەمەند کرد.