کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی ئەندامانی حیزب لە ڕێوەڕەسمی ٢٥ی نۆڤامبر لە شاری سۆفیای بولغاریا

08:57 - 5 سەرماوەز 2722

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی بولغاریا، بەشدارییان لە ڕێوەڕەسمی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کرد.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٥ی نۆڤامبر، کاتژمێر ٦:٣٠ خولەکی ئێوارە، بە هەوڵی ڕێکخراوەکانی بەرگریکاری مافی ژنانی بولغاریا، ڕێوەڕەسمی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە ژێر ناوی «ژن، ژیان، ئازادی» بە بەشداریی چالاکانەی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەنتەری شاری سۆفیا، بەرانبەر بینای دادگای گشتیی ئەم وڵاتە بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوەڕەسمەدا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی مافی ژنان و کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵاتی بولغاریا و لەوانە "کیریل پێتکۆف"، سەرۆکوەزیرانی پێشوو بەشدار بوون و ١٦ کەس لێدوانیان دا.

دوای پێشکەشکردنی پەیامی بەڕێوەبەریی ڕێوەڕەسمەکە، خاتوو "فەرەنگ محەممەدی"، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسێکی سەبارەت بە شۆڕشی ژینا، پێشینەی دروشمی ژن، ژیان ئازادی، خەباتی ژنانی کورد و مێژووی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە خەباتی یەکسانیخوازی هەمیشە بەشێک لە خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد بووە. 

پاشان خاتوو "هانا بەهرامی"، ئەندامی حیزب، باسێکی سەبارەت بە دۆخی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا کرد. بەهرامی باسی لە پێشیلکاریی سیستماتیکی مافی ژنان لەلایەن یاسا و سیستەم و دەسەڵات و هەروەها هەڵاواردن و ستەم بەرانبەر بە ژنان  لە ئێران و کوردستان کرد و وتی: خەباتی ژنان بەرەو پێشە و تا وەدیهاتنی مافەکانی ژنان بە تەواوەتی درێژەی دەبێت.