کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە شارەکانی ئاڵمان بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی کوردستان و ئێران

08:20 - 7 سەرماوەز 2722

لە درێژەی خۆپیشاندانەکان لە دەروەی وڵات بۆ پشتیوانیی لە شۆڕشە مەزنەکەی کوردستان و ئێران لە چەندین شاری وڵاتی ئاڵمان، خۆپیشاندانی بەربڵاو دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە هاوکاریی چەند حیزب و چالاکانی سیاسیی ئێرانی و ئاڵمانی لە شارەکانی هامبۆرگ، برێمن و فرانکفۆرت بە مەبەستی پشتیوانی لە سەرهەڵدانەکانی کوردستان و ئێران کە نزیک بە سێ مانگە درێژەی هەیە، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و پەیامی ناوەندی هاوکاری بە بۆنەوە خوێندرانەوە.

 

لەو خۆپیشاندانەدا بە هەزاران کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم هێزە خەباتکارەکانی نەتەوە جیاجیاکانی ئێران بەشدار بوون و پشتیوانیی خۆیان بۆ خەباتی ڕەوای گەلانی ئێران و بەتایبەت کوردستان و بەلووچستان دووپات کردەوە.

 

لە شاری هامبۆرگی ئاڵمان پەیامی ناوەندی هاوکاری لەلایەن کەماڵ حەسەنپوور ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوێندرایەوە. لەو پەیامەدا وێڕای ئاماژەدان بە خۆپیشاندانەکان لە کوردستان و ئێران، ئەنجامدانی تاوانی شەڕ لەلایەن هێزە تێروریستییەکانی ڕێژیم لە کوردستان و بەلووچستان و مێلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان، باس لە دەستدرێژییەکانی ئەو ڕێژیمە جینایەتکارە بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و پەلاماری بنکە و کەمپەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کرابوو.

 لە بەشێکی دیکەی پەیامی ناوەندی هاوکاریدا، یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزبی سەرەکیی کوردستان واتا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێرانی لەخۆ گرتبوو و هەروەها هاتبوو کە:" لە کاتێک‌دا ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی قارەمانی کورد تووشی شکست بووە و بۆ داپۆشینی شکستەکانی لەلایەک بە مووشەک و دڕۆن هێڕش دەباتە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەلایەکی دیکەوە بە تۆمەت لێدان لە حیزبەکان و سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیو و مێلیتاریزەکردنی کوردستان هەوڵ دەدات، کە گەلی کورد لە ناوخۆی وڵات، لەسەر شەقام وڵامی پێویستی پێ دایەوە. هەروەها لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا و لە ٢٦ـەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستی جیهانی، ڕێز لە خەباتی بێوچانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیرا، یەکگرتنەوەی دوو حیزبی سەرەکی، پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە ناوەندی هاوکاری و ڕێزگرتن لە خەباتی حیزبی دێموکرات وڵامێکی شیاون بۆ فڕوفیشاڵە درۆیینەکانی ڕێژیمی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی".