کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشە مەزنەکەی کوردستان لە وڵاتی سوئید

10:59 - 7 سەرماوەز 2722

لەدرێژەی خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیمی ئێران لە دەروەی وڵات و پشتیوانی لە شۆڕشە مەزنەکەی گەلانی ئێران بەتایبەتی کوردستان، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە شاری "ستۆکهۆڵم"ی وڵاتی سوئید بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری ستۆکهۆڵم بە دەستپێشخەریی ژنانی کورد لە تاراوگە و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامان و لاینگرانی حیزبە کوردستانییەکان، ڕێپێوانێکیان بۆ مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەرحەق بە خەڵکی مافخوازی ئێران و کوردستان بەڕێوە برد.

شایانی باسە ڕێپێوانەکە لە کاتژمێر یەک و سی خولەکی پاشنیوەڕۆ لە گۆڕەپانی (هومێل گۆردن) بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، مردن و نەمان بۆ دیکتاتۆر، بەرەو (سیرگێلس تۆری) بەڕێکەوتن و لەوێش چەندین پەیام و وتە لەلایەن نوێنەرایەتیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی و سوئیدی و هاوكات ئەندامێكی پارلەمانی سوئیدەوە پێشكەش كران.