کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی پارتی سەوزی ئاڵمان لەسەر ڕووداوەکانی ئێران و کوردستان

12:50 - 9 سەرماوەز 2722

پارتی سەوزی ئاڵمان لە وەڵامی نامەی کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات بۆ هەڵوێستگرتن لە دژی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵات و هێرشی ترسنۆکانە بۆ سەر بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنەکانی دیکەی کوردستان، نووسیویەتی: "ئێمە بەتوندی ئیدانەی بەردەوامیی پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەکەین. ئەمە پێشێلکارییەکی قبوڵنەکراوی یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە ئێران و تورکییەش، ئەنجامیان داوە. 

هەر لەسەرەتاوە وەزیری دەرەوە و حکوومەتی فیدراڵی کاردانەوەی توندیان هەبوو بەرامبەر بە سەرکوتکردنی دڕندانەی ناڕەزایەتییەکان و بەشدارییەکی بەرچاویان کرد لە توندکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سزاکان کە لە چوارچێوەی یەکیەتیی ئورووپادا بە خێرایی پەسەند کران.

هەر سێ لایەنی هاوپەیمانی پارلمان لە هەشتی نۆڤامبری ٢٠٢٢دا پێشنیارێکی هاوبەشیان لە بوندستاگ پەسەند کرد، کە جگە لە ئیدانەکردنی ڕێژێمی ئێران و نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ خۆپیشاندەران، بڕگەیەکی ڕوونیشی تێدایە کە تێیدا باس لە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق کراوە و ئیدانەی دەکات."

لە درێژەی ئەم نامەیەدا باس لەو کارانە کراوە کە پارتی سەوز چ وەک فراکسیۆنی سەوزەکان لە پارلمان چ وەک بەشێک لە حکوومەتی هاوپەیمانی ئاڵمان، بەردەوام پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و کوردستان کردووە.