کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بۆ خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو

10:56 - 10 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرایەتیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوردانی دانیشتووی وڵاتی  ئاڵمان، سێمینارێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان و  ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی بۆ "خالید عەزیزی" وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە "بۆن"ی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نیشتمانیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان لەلایەن دکتور "ئاوات ئەسەدی" ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی لێکۆڵینەوە دەستی پێ کرد.

 سەرەتا "جەلیل حەسەن پوور" ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو ناوەندە و چۆنیەتیی کارکردنی پێشکەش کرد.

 پاشان باسی لە بارودۆخی ئێران و کوردستان کرد کە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان ئاگاداری دۆخی ئێرانن وەک نموونە ئاماژەی بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئاڵمان کرد. 

دواتر "سوڵتان دێمە" بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بە نوێنەرایەتیی کۆمیتە بەخێرهاتنی سەرجەم بەشداربووان و "خالید عەزیزی" کرد و  سپاسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی بۆ هاوکاری و هاواهەنگیان لە بەڕێوەبردنی ئەو سێمینارە کرد.

پاشان بە  کورتی باسی لە بارودۆخی ئێستا و  گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران چ لەنێوخۆ و چ لە دەرەوەی ئێران کرد. 

سێمینارەکە بە سەر دوو پانێلدا دابەش کرا بوو، لە پانێلی یەکەمدا "خالید عەزیزی" دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە بوونیان لەو سێمینارەدا، لە بەشی یەکەمی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە ڕادەی ڕووداوەکان ڕایگەیاند کە "دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧، ئێمە هەرگیز تا ئەو ڕادەیە لە ئامادەبوونی خەڵکمان نەبینیوە".

 پاشان ئاماژەی بە هەلومەرج و ڕووداوە جۆراوجۆرەکان کرد، هەروەها ڕۆڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی بەتایبەت حیزبی دێموکراتی بە مێژوویەکی ٧٧ ساڵەوە زۆر گرینگ هەڵسەنگاند.

"عەزیزی" وێڕای ئاماژەدان بە شەهیدبوونی ژینا، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"ی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕووی داوە شیکردەوە و وتیشی "ئەوەی ئەم ڕووداوەی جیا کردووەتەوە "یەکەم ئەوەیە کە ژینا لە توێژی ژنان بوو ، دووهەم ژینا کچە کوردێک  بوو" ئەمەش بووەتە هۆی بێزاری دوو بەرامبەر کە ئەم دەرکەوتنە دروشمی ژیانە و بەهۆی قژیەوە شەهید بووە کە لە ڕاستیدا ئەمە چەمکی ئازادییە.

"خالید عەزیزی" لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا ئاماژەی بە دوو فاکتەری دیاریکراو کرد ، یەکەم باسی لە حوکمڕانیی شکستخواردووی ڕێژیمی ئێران کرد کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نییە. بەپێی ئەوەیکە حکوومەت لە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازادەوە نەهاتووەتە سەر کار، خەڵک هیچ ڕێگەیەکی تری نییە جگە لەوەیکە بچێتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕێت.

ناوبراو باسی لەو کەسانە کرد کە بەدرێژایی مێژوو هەموو جۆرە سووکایەتی و ئازارێکیان بینیوە و تووشی مردن و ئەشکەنجە و زیندانیکردن بوون.

 وەک فاکتەری دووهەم ئاماژەی بە هەندێک ڕووداو کرد کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕوویان داوە، وێڕای دووبارەکردنەوەی هەڵوێستی حیزب لە دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی، بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی بە هۆکاری سەرکەوتنی شۆڕش زانی.

ناوبرا وتی" کۆماری ئیسلامیی ئێران تێدەکۆشێت ڕووداوەکان بەرەو توندوتیژیی ببات و بە بەکارهێنانی تیۆری پیلانگێڕی ڕەوتی ڕووداوەکان بۆ ئاراستەیەکی تر بگۆڕێت.

هەروەها ناردنی نامەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بە بێوێنە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند: بێگومان ئێمە نیگەرانیی خۆمان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئەگەری هێرشی دووبارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی کوردستان و هەرێمی کوردستان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەربڕیوە. باسی لەوەش کرد کە وەک ڕێکارێکی مرۆڤی داوای ناوچەی دژە فڕینیشمان بۆ هەرێمی کوردستان کردووە.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە درێژەدا داوای لە هەموو ئەندامان، لایەنگران و خەڵکی ڕۆژهەڵات کرد کە ئەو هاوپەیمانییە بەنرخەی بەدەست هاتووە بپارێزن و وتی: ئێمەش وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێمان وایە لەنێوبردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەنیا لەلایەن کوردەوە مومکین نییە.

هەروەها لە بەشێکی تردا ئاماژەی بە ڕۆڵی سۆشیاڵ میدیا بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵکی بەشەکانی تری ئێران لە سروشتی بزووتنەوەی خۆڕاگری گەلی کورد کرد و وتی: "ئێرانی ئەمڕۆ جیاوازە لە ئێرانی پێش ئەم ڕووداوانە".

ناوبراو ئاماژەی بە پێویستیی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی ئێران کرد و وتی، ئێمە بە ڕوونی وتوومانە هەتا کێشەی کورد لە ئێران چارەسەر نەکرێت کێشەی ئێران چارەسەر نابێت، عەزیزی لە دڕێژەی قسەکانیدا  وتی ڕاستی ئەوەیە کە ئێمە ساڵانێک لەمەوبەر حکوومەتمان لە دەرەوە دەویست بۆ ئەم ڕۆژانە بەڵام بەداخەوە هەتا هێشتا ڕووی نەداوە.

"عەزیزی" دیاریکردنی هێڵە سوورەکانی لە سیاسەتدا بە هەڵە و مەحاڵ زانی و وتی: حیزبی دێموکرات هیچ ڕەوتێکی ئوپۆزیسیونی سیاسیی ئێرانی بە دوژمن نازانێت و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕایگەیاند کە دەبێ بزانرێت کە هەر گۆڕانکارییەک لە کۆماری ئیسلامیدا جۆرێکە لە سەرکەوتن لە مەسەلەی ژناندا.

عەزیزی لە بەشێکی تر لە وتەکانیدا  وتی: نابێ لە بارودۆخی ئێستادا  بکەوینە "تەڵە و شەڕی ئاڵاوە". ئاڵای کوردستان پیرۆزی خۆی لای ئێمە وەک کورد پارێزراوە و نابێ لە خۆپیشاندانەکاندا حەساسیەتمان بە ئاڵای هیچ لایەنێک هەبێت و بکەوینە نێو ئەم کێشەیەوە .

 لە درێژەدا داوای لە ئەندامانی حیزب و خەڵکی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات کرد کە لە دەرفەتی ڕێپێوانەکان بۆ ناساندنی کورد و ئامانجەکانی حدکا بۆ دروستکردنی ئێرانێکی ئازاد و فێدراڵ کەڵک وەربگرن.

لە پانێلی دووهەمی سێمینارەکەدا لەلایەن بەشێکی زۆر لە بەشداربووانەوە بە دەیان پرسیار لەسەر وەزعییەتی ئێستا و داهاتووی ئێران و هەروەها کار و چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاری و سیاسەتی ئاشکرای حیزب و چۆنیەتی و چەند و چوونی پەیوەندی حیزب بە هێزەکانی کوردستانی و ئێرانییەکانەوە  ئاراستەی عەزیزی کران، کە سەرجەم پرسیارەکان لەلایەن ناوبراو بە وردی وڵامی پێویستیان درایەوە.