کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و وەزارەتی دەرەوەی دانمارک کۆ بوونەوە

17:35 - 13 خەزەڵوەر 2722

شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە پێکهاتبوو لە "هەژار دەشتی" بەرپرسی بەشی پێوەندییەکان لە وڵاتی "دانمارک" و "بێستون سەید حوسێنی" ئەندامی هەیئەتی پێوەندییەکان لەگەڵ تیمێکی وەزارەتی دەرەوەی "دانمارک" کە بەرپرسی دۆسییەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوون، کۆ بوونەوە.

لەو کۆبونەوەیەدا شاندی پێوەندییەکانی حیزب سەرەتا ڕاپۆرتێکی بەرفراوانیان لە سەر دۆخی ڕاپەڕینەکانی کوردستان و ئێران پێشکەش بە تیمی وەزارەتی دەرەوەی "دانمارک" کرد.

لەو ڕاپۆرتەدا  ئاماژە بە چۆنیەتیی شەهیدکردنی "ژینا ئەمینی" لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ڕێژیمی ئێران و هەروەها بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ڕاگەیاندنی مانگرتنی گشتی لە کوردستان و پێشوازیی گەرمی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ئەو بانگەوازە و پەرەسەندنی ڕاپەڕین لە قوناغەکانی دواتر کە تا ئێستا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەوامە، کرا.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی بەشی پێوەندییەکانی حیزبدا باس لە ئاماری  کوژراوان و برینداربووان و دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان کرابوو کە هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دڕەندەترین شێواز بەرەوڕووی خۆپیشاندانەکان دەبێتەوە و خەڵکێکی زۆر و تەنانەت ڕێژەیەکی بەرچاو لە منداڵان بوونەتە ئامانجی هێرشی ڕێژیم و گیانیان لەدەست داوە.

لە درێژەی باسەکەی شاندی پێوەندییەکاندا ئاماژە بە ڕۆڵی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناسەقامگیرکردنی ناوچە و هەروەها ئەو هێرشانەی کە بە مووشەک و دڕۆنی خۆکوژ هەروەها بەشێوەی جیاواز بۆ سەر باشووری کوردستان و بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی کەمپی پەنابەران و شوێنی سڤیل و قوتابخانەی منداڵان کردووە و شاندی وەزارەتی دەرەوەی "دانمارکـ"ـیان لەو پێشلکارییە نێونەتەوەییانە ئاگادار کردووەتەوە.

تیمی وەزارەتی دەرەوەی "دانمارک" لەو دیدارەدا وێڕای مەحکوومکردنی سەرکوتی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی ئەو ڕێژیمە وتوویانە کە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین و لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئورووپایی ڕێکاری پێویست بەتایبەتی گەمارۆی زیاتر دەخەنە سەر سپای پاسداران.

شاندی پێوەندیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆتاییدا یاداشتنامەیەک کە پێکهاتبوو لە چەندین خاڵ لەوانە داخستنی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە "دانمارک"، پچڕاندنی پێوەندییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و پشتگیری لە دۆزی کوردی پێشکەش بە تیمی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد.