کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نیوزلەند خۆپیشاندانێکی بەرین دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو

10:38 - 15 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی بەرامبەر بە ٥ی نۆامبری ٢٠٢٢ی زایینی، کوردان و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی "نیوزلەند" دژی سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و حاشاکردن لە مافی نەتەوە بندەستەکان لەژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەدا، خۆپیشاندانێکی بەرینیان بەڕێوە برد.

لەو خۆپیشاندانەدا کە لە شاری "ئۆکلەند" بەڕێوە چوو، "جەلال خاڵخاڵ"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

"خاڵخاڵ" لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر گوتاری پێشکەوتوو‌خوازانەی نەتەوەی کورد کە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە لەلایەن "خومەینیـ"ـیەوە دژایەتی کرا و بە خۆشییەوە پاش تێپەڕبوونی ٤٣ ساڵ بەسەر دەسەڵاتداریەتی ئەو ڕێژیمە ئێستا خەڵکی ئێران بە هەموو نەتەوەکان و باقی کەمینە ئایینی و ڕەگەزییەکان لە پەیام و گوتاری کورد تێگەیشتوون و ئەوانیش بۆ سەرتاسەری ئێران خوازیاری هەمان گوتارن.

پاشان خۆپیشاندەران لە بەردەم هۆڵی کۆنفڕانسی حیزبی "لیبەر" کە حیزبی دەسەڵاتداری "نیوزلەند"ـە ئامادە بوون و خوازیاری پشتیوانی لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی بوون.