کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئۆتریش بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو

11:41 - 15 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ١٤ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی، خۆپیشاندانێک لە ناوەندی شاری "ڤییەن"ی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران لە نێوخۆ و لەقاودانی فڕوفێڵەکانی ڕێژیم بۆ تێکدانی بەرەی یەکگرتووی خەڵک دژ بە ڕێژیمی ئێران و هەروەها ئاگادارکردنی بیروڕای خەڵکی دەرەوە لەسەر ڕووداوەکانی نێوخۆی ئێران پێک هات.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو خۆپیشاندانەدا بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهیدانی شۆڕشی نوێ و یووبیلی حیزبی دێموکرات بەشداریان کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا چەند وتارێک پێشکەش کران، لە وتارەکاندا ئاماژە بە بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان، بەهێزتربوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی خۆپیشاندانەکان و بەشداریی بەشکۆی چین و توێژە جیاوازەکان لە خۆپیشاندانەکان کرا.

هەروەها باس لەوە کرا کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەران و هەتا ئێستا بە دەیان خۆپیشاندەر لە بەلووچستان، کوردستان و شوێنەکانی تری ئێران شەهید و بریندار کراون. باس لە داماوی و دەستەپاچەیی هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر خۆپیشاندەران کرا.

هەروەها لە بەشێکی تر لە وتارەکاندا باس لەوە کرا کە ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی کە لەلایەن ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپاوە خراونەتە سەر ڕێژیمی ئێران لاوازن و پێویستە  گەمارۆی قورستر بخرێتە سەر ئێران؛ وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکا دەبێ باڵوێزخانەکانی ڕێژیم لەو وڵاتە دابخەن و باڵوێزەکانیان دەر بکەن و وتووێژی "بەرجامـ"ـیش لەگەڵ ئێران کۆتایی پێ بێت.

دروشمی  بڕووخێت کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەکیترین دروشمێک بوو کە لەو خۆپیشاندنەدا لەلایەن بەشداربووانەوە دووپات دەکرایەوە .

دوای قەتڵی حکوومەتیی " ژینا ئەمینی" خۆپیشاندانێکی ڕۆژانە لە بەردەم ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری "ڤییەن"  بەمەبەستی گوشار خستنەسەر ئەو ڕێکخراوەیە بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوەی تایبەتی خۆی بۆ باس لە سەرکوشتاری خەڵکی ئێران بە تایبەت "منداڵان و لاوان" و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕێک خراوە و ئەم مانگرتنە ڕۆژانەیە قەرار وایە تا ئەو کاتەی کە خۆپیشاندانەکان لە ئێران بەردەوامن درێژەی هەبێت.