کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردان و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا خۆپیشاندانێکیان لە باشووری ئوسترالیا بەڕێوە برد

10:46 - 16 خەزەڵوەر 2722

لەو حەوتوویەدا بۆ سێیەمین جار کوردەکان و هاووڵاتییە ئێرانییەکانی باشووری ئوسترالیا بۆ پشتگیری لە شۆڕشی ژینا لە ئێران لە بەردەم پارلمانی ئەو ئیالەتە و لە "ڕاندڵ مۆڵ" ( بازاڕی ناوەندی شاری ئەدەلاید) لە دەوری یەک کۆ بوونەوە و دەنگی خۆیان تێکەڵ بە دەنگی شۆڕشگێڕانی نێوخۆ کرد.
 
ڕۆژی هەینی بەمەبەستی ڕێز گرتن لە شەهیدی نەمر "مەهسا ئەمینی" (ژینا) و باقی شەهیدانی ئەم دواییە، ڕێوڕەسمێکی ماتەمینیی مۆم هەڵکردن لەلایەن کوردستانییانەوە ڕێک خرا و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش بە پێشوازی بانگەوازەکەوە هاتن و لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارییان کرد.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای ماوەیەک دانیشتنی ماتەمینی، چەند دروشم بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران وترانەوە و هەروەها سروودی "پێشمەرگە" بە دەنگی "مەرزیە ڕەزازی" و سروودی "بە تەنیا جێم مەهێڵن" بە دەنگی "هەڤاڵ شەخسی" پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

ڕۆژی شەممەش دیسان لەبەردەم پارلمان کۆبونەوەیەکی بەرین بەڕێوە چوو.
 
ڕۆژی یەکشەممەش کۆبوونەوەیەکی شانۆ بە جلوبەرگی خوێناوییەوە لەنێو شاری "ئەدەلاید" بەڕێوە چوو کە بە شێوەیەکی بەرچاو کەوتە بەر سەرنجی خەڵکی ئەو شارە و کاریگەریی باشی لەسەر هەستی ڕێبواران دروست کرد و یەکێک لەو گردبوونانەوە بوو کە میدیاکانی ئوسترالیا گرینگیی پێوستیان پێ دا و لە هەواڵەکاندا بڵاویان کردەوە.