کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان لە شاری "پێرتـ"ـی ئوسترالیا بەڕێوە چوو

21:22 - 15 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ١٤ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ٥ی نۆڤامبر، خۆپیشاندانێک لە شاری "پێرت" هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای ئوسترالیا بەڕێوە چوو کە بە سەدان کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی تێیدا بەشدار بوون. 

بەشی یەکەم تەرخان کرابوو بە خوێندنەوەی پەیامەکان و وتنەوەی دروشم بە دژی ڕێژیمی ئێران.

"نەسرەدین سیلوانا" ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری "پێرت" پەیامی میدیایی خۆپیشاندانەکەی پێشکەش کرد.

لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتبوو "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ سنوورێکی بۆ سەرکوتکردنی خەڵک نەهێشتووەتەوە و لە ڕۆژی چلەی "ژینا ئەمینی" لە ٢٦ی ئۆکتۆبەردا چەند کەسی چەکدار کە گومانیان لێ دەکرێت سەر بە ڕێکخراوی کۆماری ئیسلامی بن بۆ بەلاڕێدا بردنی سەرنجی خەڵک لەسەر چلەی ژینا و هەروەها بەمەبەستی ڕەوایەتدان بە سەرکوتی خەڵک هێرشیان کردە سەر شاچراغ  لە شیراز، کە لانیکەم ١٥ کەسیان کوشت و ٧٠ کەسیشیان بریندار کرد.

 لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، چەند داواکاری ئاراستەی حکوومەتی ئوسترالیا کران وەک "بلۆکەکردنی سەرمایەی بەرپرسانی سەرکوتگەری ڕێژیمی ئێران بەتایبەتی ئەوانەی کە دەستیان لە سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیودا هەیە، نەدانی ویزای سەفەر بە بەرپرسانی سەرکوتگەری ڕێژیمی ئێران، بە تێرۆریست ناساندنی سپای تێرۆریستیی پاسداران و چەند داواکاریی دیکە. 

لە بەشی دووهەمی خۆپیشاندانەکەدا بەشداربووان بە ڕێپێوان چەندین شەقامیان بڕی و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران دروشمیان دا.