کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەم پارلمانی سوئیس لە شاری "بێرن" خۆپیشاندانێکی بەرین بەڕێوە چوو

21:20 - 15 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی بەرامبەر بە ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی لە بەردەم پارلمانی سوئیس لە شاری "بێرن" خۆپیشاندانێکی جەماوەری بە بەشداریی هەزاران کەس بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو. 

خۆپیشاندانەکە لەلایەن حیزبی سۆسیالیستی وڵاتی سوئیس و بە هاوکاریی چالاکانی کورد و ئێرانی و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە بە وتاری "سیدریچ ڤێرمۆت" سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی سوئیس دەستی پێکرد.

"ڤێرمۆت" لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەتی سوئیس پێویستە پشتیوانی لە سزاکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بەمەبەستی گوشاری زیاتر بۆ سەر ئەو ڕێژیمە بکات.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە حکوومەتی سوئیس کرد کە بە هیچ شێوەیەک نابێت ڤیزا بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ چوون بۆ وڵاتی سوئیس بدات و هەروەها داوای کرد کە پشتیوانیی هەمەلایەنە لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران بکرێت.

دواتر ژنە پارلمانتاری سوئیس و دۆستی کورد خاتوو "فالافیا واسێرفالین" لە وتارێکی پڕ نێوەڕۆکدا داوای لە گەل و خەڵکی سوئیس کرد کە پشتیوانی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بن و بە دانی دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بە زمانی کوردی و بە بڕینی پرچی خۆی، پشتیوانیی خۆی و ژنانی پارلمانتاری سوئیسی بۆ ژنانی کورد و ئێرانی دووپات کردەوە.

لە بەشێکی دیکەدا "ناتالیا بۆدێنمان" وێرای پشتیوانیی خۆی و حیزبەکەی بۆ گەلانی ئێران، داوای پێداچوونەوەی لە حکوومەتی سوئیس کرد سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سروودی "ئەی شەهیدانـ"ـیان پێشکەش کرد.

خۆپیشاندانەکە بە وتنەوەی دروشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی، ئاڵمانی و فەرانسەوی کۆتایی پێ هات.