ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بەمەبەستی پشتیوانی لە داخوازیی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران و مەحکوومکردنی سەرکوتی خوێناویی خەڵکی ناڕازی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە کورد و ئێرانییانی دانیشتووی شاری "تامپێرە" لە وڵاتی "فینلاند" خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان بەڕێوە برد.
لە خۆپیشاندانەکەدا پەیامی بەشداران خوێندرایەوە. لە پەیامەکەدا، وێڕای پشتیوانی لە داخوازیی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران، سیاسەتی ڕێژیمی ئێران لەمەڕ سەرکوت، کوشتن، گرتن و زیندانیکردنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان مەحکووم و ڕیسوا کرا.
هەروەها لە پەیامەکەدا داوا لە حکوومەتی فینلاند و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرابوو کە شۆڕشی خەڵکی کوردستان و ئێران بە فەرمی بناسن و سیاسەتی مرۆڤکوژانەی ڕێژیمی ئێران مەحکووم بکەن.
لە درێژەدا بە خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە و وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و دروشم دژی ڕێژیم، پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئیران کرا.