کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری، ئێعدامی "مۆحسێن شکاری"ی مەحکووم کرد

11:37 - 18 سەرماوەز 2722

مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکی تویتێریدا ئێعدامی مۆحسێن شکاریی مەحکووم کرد و وتی کە لە کۆماری ئیسلامیدا دادگای ئینقلاب کەرستەیەکە بۆ سەرکوت و تۆقاندن و تێرۆر.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ئێعدامی مۆحسێن شکاری ‌هاووڵاتییەکی مافخواز لە تاران لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا کە بە ئێعدام مەحکووم کرا و حوکمەکەی زۆر بەپەلە جێبەجێ کرا بەتوندی مەحکووم دەکەم و هاودەردیی خۆم لەگەڵ بنەماڵەکەی و هاوخەباتەکانی دەردەبڕم.

لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوو لانیکەم هەزار و ٨٢٠ چالاکی سیاسی لە کوردستان لەم جۆرە دادگایانەدا بە ئێعدام مەحکووم کراون و حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە.

لە کۆماری ئیسلامیدا دادگای ئینقلاب کەرەستەیەکە بۆ سەرکوت و ترساندنی خەڵكی ئێران و دەزگایەکە بۆ کوشتار و تێرۆری حکوومەتی و باسکی سەرەکیی سیستمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامییە.